ئیسرائیل هۆشداریدەدات بە گروپێکی سەر بە ئێران لە سوریا

رەققە – نۆرس پرێس

بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، بەشی هەواڵگری سەربازی سوپای ئیسرائیل (ئامان) هۆشداری دایە گروپێکی سەر بە ئێران کە لە سوریا هەنگاوی دوژمنکارانە بەرامبەر بە ئیسرائیل دەگرنەبەر، هەروەها هۆشدارییەکی توندی بۆ سەرۆکی گروپەکە دەرکردووە.

“ئامان” کورتکراوەی باوی ناوە عیبرییەکەیەتی، دەزگایەکی سەر بە سوپای ئیسرائیلە، گەورەترین و گرانترین دەزگای هەواڵگرییە لە بودجەی دەوڵەتەکەدا، بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لە دابینکردنی هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی بۆ حکومەت کە لەسەر ئەو هەڵسەنگاندانانە بنەما گشتییەکانی دەوڵەت داڕێژراون، بە تایبەت لە ئاستی ململانێ لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان.

ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل رایانگەیاندووە، “لیوای ئیمام حسێن” کە نزیکەی شەش هەزار ئەندام لەخۆدەگرێت و هەزار ئەندامیان تایبەتن بە ئاراستەکردنی هێرشەکان دژی ئیسرائیل، لەنێو چالاکییەکانیدا بە قاچاخکردنی چەک لە رێگەی سوریا و ئوردنەوە بۆ گروپە چەکدارەکانی فەلەستین دەگرێتەوە.

هۆشدارییەکانی ئیسرائیل سەرنجی لەسەر فەرماندەی لیواکەیە، کە هاووڵاتییەکی لوبنانییە بە ناوی “زولفیقار حەناوی”، کە تەمەنی 42 ساڵە، فەرماندەی فیرقە بووە لە گروپی حزبوڵای لوبنانی، پێش ئەوەی چاوی بە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی لیوای قودس بکەوێت و پەیوەندی بە هێزەکانیەوە کرد.

هۆشدارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو گرووپە بەهۆی چالاکییە دوژمنکارییەکان و خاوەندارێتیکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی زەمین بۆ زەمین، زەمین بۆ ئاسمانی دروستکراوی ئێران دێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان