ئەسەد سەردانی چین دەکات.. سەرچاوەیەکی پلەباڵای حکومی هۆکاری سەردانەکەی بە نۆرس پرێس رادەگەێنێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
سەرۆکایەتی کۆماری سوریا، دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا سبەی پێنجشەممە سەردانی چین دەکات.
روپەڕی فەیسبووکی سەرۆکایەتیەکە رایگەیاندووە، “لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی سەرۆکی کۆماری چین، سەرۆک بەشار ئەسەد و ئەسما ئەسەد لە رۆژی پێنجشەممەوە سەردانی چین دەکەن”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو دوو سەرۆکە “کۆبوونەوەی لوتکەی سوریا و چین ئەنجامدەدەن”.
سەرچاوەیەکی پلەبەرزی حکومەتی سوریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە سەردانەکە کۆمەڵێک کۆبوونەوە و بۆنە لەخۆدەگرێت کە ئەسەد لە شارەکانی خەنجو و پەکینی پایتەخت ئەنجامی دەدات.
بەگوێرەی ئەوەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری سوریاوە بڵاوکراوەتەوە، شاندێکی سیاسی و ئابوریی هاوەڵی سەرۆککۆماری سوریا دەبن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرۆککۆماری سوریا دەیەوێت لەڕێگەی سەردانەکەیەوە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکات و بەدوای هاوبەشی ستراتیژیدا بگەڕێت بۆ بەدیهێنانی بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ ناوخۆی سوریا.
بە گوتەی هەمان سەرچاوە، لایەنی سوریا هیوادارە پشتیوانی بەردەوامی چین لە پرسە نێودەوڵەتییەکان بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی سەبارەت بە قەیرانی سوریا و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی.