تورکیا 520 پەنابەری دیکەی سوریا دیپۆرتکردەوە
ئیدلب- نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە دەسەڵاتدارانی تورکیا 520 پەنابەری سوورییان بە زۆرەملێ،لە رێگەی دەروازەکانی باب ئەلسەلامە، گرێ سپی و باب ئەلهەوە بەرەو باکووری سوریا، دیپۆرتکردەوە.
سەرچاوەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەوا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “ئەمرۆ سێشەممە 19\9\2023، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 520 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەوا دیپۆرت کردووەتەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و رادەستی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو دیپۆرتکراوەکاندا پەنابەرێکی ئەفغانی بەناوی نوح رەشید (تەمەن 28 ساڵ) هەبووە، کە لەگەڵیان دیپۆرتکرایەوە بە بیانووی ئەوەی ” ناسنامەکەی ساختە بووە”، بەبێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بدرێت بۆ پشتراستکردنەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە دەروازەی گرێ سپی لە لایەنی تورکیاوە 125 پەنابەر لە خاکی تورکیاوە رادەستی گروپە چەکدارەکان کراون، هاوکات لە دەروازەی باب ئەلسەلامە لە باکوری حەلەب 80 پەنابەری کە یەکێکیان ئەفغانی بوو رادەستی گروپە چەکدارەکان کراون، کە هەموویان گواستراونەتەوە بۆ ناوەندێکی لێکۆڵینەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوەوە، نزیکەی 315 پەنابەریان رادەستی بەرەی نوسرە” کردووە.
سەرچاوەکانی نێو دەروازەکانی گرێ سپی، باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامە بۆ نۆرس پرێسیان بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوی زۆرەملێی پەنابەرانی سوریا گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت هەزار و 500 دیپۆرتکراو.