ترەمپ لەبەرانبەر ئازادکردنی 5 هاوڵاتی ئەمریکی توڕەیی نیشانی ئیدارەی بایدن دەدات
هەولێر – نۆرس پرێس
لە بەرانبەر هەوڵەکانى ئیدارەى بایدن بۆ ئازادکردنى پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییەکە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، رایگەیاند، 58 زیندانی ئەمریکیی لە چەندین وڵاتی جیهان، تەنانەت لە کۆریای باکوور، ئازادکردووە و هیچکات ئامادەنەبووە، بۆ ئازادکردنیان پارە خەرج بکات.
راشیگەیاند، “جیهانم تێگەیاند، زیندانییە ئەمریکییەکان، مافی خۆیانە بەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان و تەنانەت هیچ وڵاتێک ئامادەنەبوو باسی پارەم لەگەڵدا بکات، چونکە دەیانزانی هیچیان دەست ناکەوێت”.
ترامپ دەشڵێت: ئەگەر یەکجار پارە خەرجبکرێت، بێگومان کەسانێکی زیاتر بە دیل دەگیرێن.
سەرۆکی پێشوی ئەمریکا وتیشی، سەرۆکە ناکارامەکەمان( بایدن)، بۆ پێنج کەس، شەش ملیار دۆلار پارە دەبەخشێت و ئێران بۆ ئازادکردنی پێنج هاوڵاتی خۆی، سفر دۆلار دەدات.
ترامپ، ڕێکەوتنەکە بە گاڵتەجاریی و لە هەمانکاتدا بە ترسناک وەسفدەکات و دەشڵێت، “خۆتان بۆ کارەساتی گەورە ئامادەبکەن، ئەمریکا لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بووەتە جیگای گاڵتەجاڕیی لە هەموو جیهاندا”.
ڕۆژی دووشەممە 18ى ئەیلول، دوای زیاتر لە یەک ساڵ دانووساندنی نهێنی، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی تاران و واشنتۆن، شەش ملیارەکەى ئێران کە لە کۆریای باشوور دەستی بەسەردا گیرابوو، ئازادکراو و پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکانیش ئەنجامدرا.