مۆسکۆ هەراسانکردنی ئاسمانی لە گەڵ واشنتن لە ئاسمانی سوریا رادەگەێنێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
رووسیا دووهەمین هەراسانکردنی ئاسمانی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا راگەیاند، کە لە نێوان فڕۆکە جەنگییەکانیان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا لە باکووری سوریا روویدابوو.
ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا کە سەر بە وەزارەتی بەرگرییە، رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ-9ی ئەمریکی بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری سو-35 لە باکووری سوریا نزیک بووەتەوە، کاتێک گەشتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی بە درێژایی سنووری باکووری سوریا ئەنجام دەدا.
ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی نێوان لایەنە شەڕکەرەکان لە سوریا لە رایگەێنراوێکدا گوتی، فڕۆکەوانە رووسییەکە دەستبەجێ رێوشوێنی پێویستی گرتۆتەبەر بۆ رێگریکردن لە پێکدادانەکە.
ئەو لێکنزیکبوونەوە ئاسمانییە بەرەبەیانی دوێنێ لە بەرزایی نزیکەی حەوت هەزار مەتر روویدا، “لە کاتێکدا بڕیار بوو گەشتە ئاسمانییەکەی رووسیا لە ئاسمانی سوریا بۆ پشکنینی رۆژئاوای رووباری فورات ئەنجام بدرێت”، بەگوێرەی ناوەندی رووسیا.
یەکشەممەی رابردووش، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا کە بارەگاکەی لە بنکەی ئاسمانی حمێمیمە لە باکووری رۆژئاوای سووریا، لە 16ی ئەیلول نزیکبوونەوەیەکی مەترسیداری هاوشێوەی ئەوەی دوێنێ روویدا، راگەیاند.
لە ماوەی مانگەکانی تەمموز و ئابدا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چەند پێکدادانێکی مەترسیداریان لەگەڵ فڕۆکەکانی رووسیا لە میانی ئەرکەکانی دژی ئەو رێکخراوەدا لە سوریا راگەیاند، کە بەشێکیان گەیشتە ئاستی هەڵدانی باڵۆنە گەرمەکان و پەکخستنی هاتوچۆی ئاسمانی.
ناوەندی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ئەمریکا هەشت جار ئاسمانی بنکەی ئەلتەنەفی لە باشووری سوریا “پێشێل” کردووە، هاوکات 13 پێشێلکاری یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا تۆمارکراوە.