فیلمی “پاش مردن”ی دەرهێنەرێکی کوردی عەفرین خەڵاتی جیهانی جۆراوجۆر بەدەستدەهێنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

کورتە فیلمی کوردی “پاش مردن – Piştî Mirinê “ی دەرهێنەری کوردی رۆژئاوای کوردستان، مەحمود چەقماقی، لە پێشبڕکێی جیهانی جۆراوجۆردا و لە وڵاتانی جیاواز، خەڵات و ریزبەندی باشترین و رێزلێنان وەردەگرێت، لە نێویاندا ئەو ڤێستیڤاڵە جۆراوجۆرانەی سینەما کە لە هەریەک لە وڵاتانی لە ئیسپانیا، سەڵتەنەتی عومان، میسر، مۆسکۆ و مەغریب ئەنجام درابوون.

دواترینیان بەشداریکردنی بوو لە ڤێستیڤاڵی جیهانی فیلمی دیکۆمێنتاری لە چوارچێوەی کەرنەڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی نێوخۆیی بۆ کورتە فیلم 2023 کە لە سەڵتەنەتی عومان ئەنجامدرا، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، ئەمەش پاش وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ دێت، لە ڤێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاری لە ئیسپانیا، کە مانگی ئازاری پێشوو بەڕێوەچوو.

مەحمود چەقماقی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نۆرس پرێس، باسی لەو خەڵاتە جیهانیانە کرد کە فیلمەکەی بەدەستیهێناوە، ئەمە جگە لەو دەستخۆشی و رێزلێنانانەی کە ئەو بە سەرکەوتنێکی مەزن باسیکرد.

چەقماقی بە نۆرس پرێسی گوت: “فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سەربەخۆی مەدرید، لە مانگی ئازاردا بەڕێوەچوو و فیلمەکەمان توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەدەستبهێنێت”.

راشیگەیاند، “بێگومان فیلمەکە پێشتر پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی دۆکیۆمێنتاری لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ 2022” .

گوتیشی، “هەروەها پاڵێورابوو بۆ پێشبڕکێکانی کۆتایی لە چوارچێوەی رووداوە نێودەوڵەتییەکانی ڤێستیڤاڵی فیلمی مافی مرۆڤ لە مەغریب 2022”.

هەر وەک دەرهێنەرە عەفرینییەکە راگەیاند، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی ئەمریکی میسری 2022دا، فیلمەکە گەیشتووەتە پێشبڕکێکانی پێش کۆتایی.

چەقماقی دەربارەی فیلمەکە، گوتی: “فیلمی پاش مردن، دەربڕینی ئیرادەی ژیانە لە دوای ئەو وێرانکارییەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014دا بەسەر شاری کۆبانێدا هێنایان، کە بە دەستی شەڕڤانانی ژن و پیاوی کورد شکستیان پێهێنرا”.

 چیرۆکی فیلمی “پاش مردن” بریتییە لە گەشتی هونەرمەندێکی کورد بۆ کۆبانێ و کۆکردنەوەی پاشماوەکانی جەنگ و دروستکردنی پەیکەر و فۆڕمی هونەری نوێ لێیان، بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری ژیان و رۆحی ئومێد و نەمر هێشتنەوەی بەرخۆدانی شارێکی کوردی ئازار چەشتوو،بە دەستپێکردن لە رێگەی هونەرەوە.