پێشڕەوییەکان چین لە تایوان زیادیکردووە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوای ماوەیەک لە بێدەنگی چین لە جوڵە سەربازییەکانی لەنزیک دوورگەی تایوان، وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێردا نزیکبوونەوەی 103 فڕۆکەی جەنگی و  9 کەشتی چینییان لە دوورگەکە تۆمارکردووە.

وەزارەتی بەرگری تایوان لە راگەیاندراویکدا ئەوەیان خستووەتەڕوو ، ئەم ژمارەیە بەرزترین ژمارەیە کە لەم ماوەیەدا پێشڕەوییەکانی چین بەرەو دوورگەکە تۆمارکرابێت و ئاڵنگاری گەورەش لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروستدەکات.

ئاماژە بەئەوەشکراوە، لەو ژمارە فڕۆکانەی تۆمارکراوە 40 فرۆکەیان هێڵی جیاکەرەوەی سنوری چین و تایوانیان بەزاندووە و گەیشتوونەتە ناوچەی بەرگری تایوانەوە.

وەزارتی بەرگری تایوان داوای لە چین کردووە، راستەوخۆ کارە گێرەشێوێنیی و پشێوییەکانی خۆی لە دوورگەکەدا بوەستێنێت چونکە ئەم کارانە دەتوانێت بەئاسانی نیگەرانییەکانی ناوچەکە بەرزبکاتەوە.

لە ماوەی پێشووشدا سەردانەکانی بەرپرسانی باڵای تایوان بۆ ئەمریکا و سەردانی جێگری سەرۆکی تایوان بۆ ئەمریکا بووەهۆی بەرزکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تایوان و چین و لێدوانی توند لە دژی یەکدی دەدەن.

چین دەڵێت، “تایوان  (کە حکومڕانی سەربەخۆی هەیە)، بەشێکە لەخاکەکەی خۆمان و  رۆژێک بەدەستی دەهێننەوە ئەگەر بێت و بگاتە ئاستی بەکارهێنانی هێز، لەساڵآنی رابردووشدا چین فشارە دیبلۆماسی و سەربازییەکانی خۆی بۆسەر ئەو وڵاتە زیادکردووە و تایوانیش بەرهەڵستی ئەم هەنگاوە دەکات، چونکە خۆی بەسەربەخۆ دادەنێت و ناچێتە ژێر رکێفی حوکمی چینەوە.