ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئیدانەی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر پەنابەرەکانی سوریا لە لوبنان دەکات

ئیدلب – نۆرس پرێس

 هاوپەیمانی ئیتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرد کە “بە خێرایی دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا لە لوبنان.”

هاوپەیمانی ئیتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا شەوی شەممە 16\9\2023 لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی “پێشێلکارییە نوێیەکان”ی دژی پەنابەرانی سوریای لە لوبنان کرد، دوای ئەوەی فەرماندەیی سوپای لوبنان رایگەیاند، “یەکەیەکی سوپا، بە پاڵپشتی هێزێکی بەرێوەبەرایەتیی هەواڵگری، هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک کامپی پەنابەرەکانی سوریا لە ناوچەی بیقاع و 43 سورییان دەستگیرکرد بە بیانووی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی چوونە نێو خاکی لوبنان.

هاوپەیمانی ئیتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، داوای لە حکومەتی لوبنان کرد “دەستبەجێ هەڵمەتەکە رابگرێت و پابەندی مافی پەنابەران و یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت”.

هاوپەیمانییەکە جەختی لەوە کردەوە کە “سوریا شوێنێکی ئارام نییە بۆ گەرانەوەی پەنابەرەکان، کارکردن بۆ دیپۆرتکردنەوەیان بەشداریکردنی راستەقینەیە لە تاوانێکی حەتیمدا”.

ئیدانەکردنی پێشێلکاریانەی کە لە دژی پەنابەرە سورییەکان لە لوبنان ئەنجامدەدرێن، لەلایەن هاوپەیمانی ئیتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، بەپێچەوانەی  هەڵوێستی هاوپەیمانەکەیە سەبارەت بە پێشێلکاریانەی کە تورکیا بەرامبەر پەنابەرەکانی سوریا ئەنجامدەدات.

دوێنێ شەممە، لە ویلایەتی کۆنیای تورکیا، پەنابەرێکی سوری بە تەقەی خاوەن کارەکەی کوژرا، دوای ئەوەی داوای پارەی کارکردنی کردبوو، ئەمە یەکێکە لە دەیان رووداوی دیکە کە لە تورکیا دووبارە دەبنەوە.

لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوودا، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە کۆنفرانسی رۆما بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆچکردن لە رێگەی دەریای ناوەراستەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، کار بۆ گەرانەوەی پەنابەرانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان بکەن و رێز لە سەروەری لوبنان بگرن لە بریارەکانیدا.