بە رەزامەندی ئەمریکا شەش ملیار دۆلار لە ڕێگەی قەتەرەوە حەواڵەی ئێران دەکرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بانکە نێودەوڵەتییەکانی ئاگادارکردووەتەوە، شەش ملیار دۆلار لە ڕێگەی قەتەرەوە حەواڵەی ئێران بکەن کە پێشتر بەھۆی سزاکانی واشنتۆنەوە بۆ سەر تاران لە کۆریای باشوور بلۆککرابوون.
ئاژانسی ھەواڵیی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەوەی بۆ کۆنگرێس دووپات کردووەتەوە، ئەو شەش ملیار دۆلارە لە ھەژمارە بانکییەکان، لە قەتەردا دەمێننەوە و تەنھا ڕێگا بە ئێران دەدرێت بۆ بازرگانی مرۆیی خەرجی بکات.
پێشتر ئەمریکا لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ ئێران، ڕێگای بە تاران-دا شەش ملیار دۆلار لە داھاتە نەوتییەکانی وڵاتەکە، کە لە دەرەوە بلۆککراون بیگەڕێنێتەوە.
ئەو ئاگادارییەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ڕێگە بە بانکەکانی ئەڵمانیا، ئێرلەندا، قەتەر، کۆریای باشوور و سویسرا دەدات، شەش ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوورەوە حەواڵەی تاران بکەن.