دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 600 پەنابەری سوریا بە زۆر دیپۆرت دەکەنەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 600 پەنابەری سووریی، کە ژن و منداڵ لە نێویاندا هەبوو بە زۆر دیپۆرت کردەوە.

ئەو پەنابەرانە لە رێگەی دەروازەکانی سەرێ کانیێ و باب ئەلهەواوە لە باکوری سوریا دیپۆرتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا کرانەوە، ئەمە جگە لە رادەستکردنەوەی دەستبەسەرکراوان، کە لە نێویاندا بریندار هەبوو، بە دەروازەی گرێ سپی، لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە تورکیادایە.

سەرچاوە فەرمیییەکان لە دەروازەکانی سەرێ کانیێ و باب ئەلهەواوە رایانگەیاندووە، “ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا 615 پەنابەری سوورییان لە دەروازەکانی سەرێ کانیێ و باب ئەلهەواوە دیپۆرتکردەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، و رادەستکرانەوە بە میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆز بۆیان لە هەردوو دەروازەکە”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، 175 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی گروپە چەکدارەکان کراون لە دەروازەی سەرێ کانیێ لە باکوری حەسەکە، دواتر گواستراونەتەوە بۆ پەناگەکان بۆ لێکۆڵینەوە.

هاوکات بەپێی سەرچاوەکان، دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) نزیکەی 440 پەنابەر، کە لە نێوانیاندا ژن و منداڵ هەیە، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە رادەست کراوەتەوە.

سەرچاوەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کە ژمارەی دیپۆرتکراوانی زۆرەملێی سوریا لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە زیاتر لە 7200 کەس مەزەندە دەکرێت.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سەرچاوەیەک لە “شورتەی عەسکەری” لایەنگری تورکیاوە لە دەروازەی گرێ سپی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا 28 دەستگیرکراوی سوریایان رادەستی ئەمنی دەروازەکەی فەیلەقی سێیەم کردووە، لەنێویاندا ئەوانەش هەن کە بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیا برینداربوون لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەدا بۆ تورکیا.

ئاماژەیان بەوەشکرد، دەزگای ئەمنی دەروازەی گرێ سپی دەستگیرکراوەکانی گواستوەتەوە بۆ ئەو ناوەندی کە ناویان ناوە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانیان.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان