بۆ بڕیاردان لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران ئەمڕۆ ئەنجومەنیئ وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

بە بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی سێشەممەوە بۆ ئەمڕۆ یەكشەممە، کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ پێشخرا.

بڕیارەكە دوای ئەو كۆبوونەوەیە هات، كە پێنجشەممەی رابردوو لەنێوان شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی کوردستان و سوودانی لە بەغدا ئەنجامدرا كە تایبەت بوو بە شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویانکردەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی هەرێمی کوردستان داوایكردوە بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ بەغدا 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان بكات، تا ئەوكاتەی پشكی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق یەكلادەكرێتەوە.

بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا ئەو داوایەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژە بڕیارێكدا بخرێتە دەنگدانەوە و لە ئەگەری پەسەندكردنیدا، كۆتایی بە گرفتی مووچە دێت.

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە، ئەوە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکی دیکە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناردنی مووچە ئەرکی حکومەتی عێراقە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر بۆ هەر مانگێک حکومەتی عێراق مانگانە 800 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، ئەوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مانگانە دەتوانێت بەبێ هیچ کێشەیەک مووچەی فەرمانبەران دابەشبکات و بۆ ئەو مەبەستەش، لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەڵێنی پشتیوانیکردنی پێشنیازەکەیان بە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە.