لە تەقینەوەیەکدا لە عەفرین دوو کەس کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون
عەفرین – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، تەقینەوەیەک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە عەفرین روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی دوێنێ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە نزیک فولکەی مەعراتە لە شاری عەفرین، تەقینەوەیەک لەناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا روویداوە و زیانێکی زۆری بە بەڵەخانەکە و دەوروبەری گەیاندووە”.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە تەقینەوەکەدا دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و پێنجی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا کەسێک هەیە بە ناوی “ئەسعەد بەرودی”، نازناوی “ئەبو محەمەد ئەحرار”، کە خەڵکی دێرەزوورە.
ئاماژەین بەوەشکرد، ئەو باڵەخانەی تەقینەوەکەی تێدا روویداوە، “ئەسعەد بەرودی”، سەرکردەی میلیشیای “محەمەد ئەلفاتح”ی سەر بە “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆ تورکیا تیایدا نیشتەجێبووە، کە پێشتر بەشێک بووە لە “ئەحرار ئەلشام” کە بەهەمانشێوە سەر بە “بەرەی نوسرە”یە و لە بواری دروستکردنی بۆمبی چینراودا کاردەکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لەنێو بریندارەکاندا منداڵ و ئافرەتیشیان تێدایە کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلشیفا و نەخۆشخانەی سەربازیی عەفرین بۆ چارەسەرکردن.