زێلێنسکی سەردانی واشنتۆن دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەنیازە دوای وتارەکەی کە بڕیارە لەبەردەم کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە ئۆنلاین پێشکەشی بکات، سەردانی واشنتۆن بکات.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ و سی ئێن ئێن، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەت بڵاویانکردەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو زێلێنسکی لە کۆشکی سپی چاوی بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت و لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس لە کاپیتوڵ گفتوگۆ بکات.

تا ئێستا روون نییە کە ئایا زێلێنسکی وەک ساڵی 2022 قسە بۆ کۆنگرێس دەکات یان نا.

بەپێی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی هەواڵی سیاسی “پانچبۆڵ نیوز” بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو گەشتەکەی بۆ واشنتۆن ئەنجام بدات.

چاوەڕوان دەکرێت، لە میانەی سەردانەکەدا سەرۆکی ئۆکرانیا داوای بەردەوامی پشتیوانی بۆ وڵاتەکەی لە واشنتن بکات لە شەڕی رووسیادا.

لە ئێستادا بایدن لەگەڵ هاوڕێ دیموکراتەکانی لە ئەمریکا هاندەدات بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار وەک هاوکاری زیادە بۆ مەبەستی سەربازی و ئابووری و مرۆیی.

بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی کیل بۆ ئابووری جیهانی، واشنتۆن پێشتر زیاتر لە 70 ملیار دۆلاری پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.