لە یادی شەهیدکردنی “ژینا ئەمنی”دا دەسەڵاتدارانی ئێران رێوشوێنی ئەمنی توند و سەرکوتکەرانەیان گرتووەتەبەر
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: شارە کوردییەکان لە رۆژهەڵات لە چەند رۆژ لەمەوبەرەوە جێگیربوونی ئەمنی قورسیان بەخۆوەبینیوە، ئەوەش لە ترسی تەقینەوەی دۆخەکە لە یەکەم ساڵیادی شەهیدکردنی کچە کورد ژینا ئەمینی، کە بنەماڵە و دانیشتووانی شاری سەققز، کە کانگای سەرهەڵدانەکان بوو، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمێکدا سبەی شەممە، ئەو یادە بکەنەوە.
سبەی شەممە 16ی ئەیلول، ساڵێک بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵدا تێدەپەڕێت، کە بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران شەهیدکرا، ئەم رووداوە ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە، پاشان رووبەڕووی سەرکوتکارییەکی توندوتیژی دەسەڵاتداران بووەوە.
ئەڤین مستەفا زادە، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردی “کوردبا”یە، رایگەیاند، بارودۆخی ئەمنی شاری سەققز ئاڵۆزە و بنەماڵەی ئەمینی ئامادەکاری دەکەن بۆ یادکردنەوەی شەهیدکردنی ئەمینی لە سەر مەزاری شەهید، لە چواردەوری شارەکە.
مستەفا زادە لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکرد، چەند رۆژێکە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەت سەققز، سنە و مەهاباد جێگیرکراون.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەدا، “لەکاتی ئامادەکاری بۆ مەراسیمەکانی یادکردنەوەی کوشتنی ئەمینیدا کە لەگەڵ ساڵڕۆژی ئەو ناڕەزایەتییانەی لە دوای شەهیدکردنی ئەمینی سەریانهەڵداوە هاوکاتن، جێگیرکردنی ئەمنی زۆر لە شارانە رەنگە ئامانج لێی سەرکوتکردنی هەر خۆپیشاندان و سەرهەڵدانێک بێت کە رەنگە سبەی رووبدات”، دەشڵێ : “ئەوە چاوەڕوان دەکرێت”.
حکوومەتی ئێران پاش شەهیدکردنی ئەمینی لە دزیندانی پۆلیس و لە رۆژی 16ی ئەیلوولی 2022دا، سەرقاڵی هەڵمەتێکی توندی سەرکوتکردنە دژ بە خۆپیشاندەران و لە ماوەی سێ مانگی رابردووی هەمان ساڵدا لانیکەم 416 خۆپیشاندەر شەهیدکراون، کە 52یان کەم تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە، بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوە ناحکومییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.
هەروەها زۆرێک لە خۆپیشاندەران بە تۆمەتی هاندان لە دژی دەوڵەت و کوشتن و تۆمەتی دیکە، سزای زیندانیکردن تا لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە لەیەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی سەققز بنەماڵەکانی ئەمینییان ئاگادار کردەوە و لە ماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین جار بانگهێشتیان کردوون، بە مەبەستی سنووردارکردنی جێبەجێکردنی هەر جموجوڵێک، کە رەنگە ببێتە هۆی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیەکان، بە گوتەی مستەفا زادە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەیەک لەمەوبەر پۆلیسی ئێران خاڵی ژینا ئەمینیان دەستگیرکردووە، کە لەڕێگەی بانگەشە و هەماهەنگی و رێکخستنی رێوڕەسمەکانی پێشووی پەیوەست بەو رووداوەوە، رۆڵێکی دیار و چالاکانەی هەبوو لە بەنێودەوڵەتیکردنی دۆسیەی ژینادا.
ئێستا جیهان لە چاوەڕوانی یەکەمین ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی ئەو کچە کوردەدایە کە پریشکەکەی لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا بڵاوبووەوە و زۆرێک لە وڵاتان هەڵوێستیان هەبوو و بە توندی دژایەتی ئەو هەڵمەتە سەرکوتکردنەیان کرد، کە دەسەڵاتداران دژی خەڵکی ناڕازی پراکتیزەیان دەکرد.
دوو رۆژ لەمەوبەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای “ژینا”یان پەسەند کرد، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک رێوشوێن کە رێبەری ئێران و کەسانی دیکەی کردە ئامانج لەو سزایانەی کە ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە.
ئێران رووبەڕووی سێ رێوشوێنی نوێ دەبێتەوە، کە لە لایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە تاوتوێ دەکرێن، لەوانە یاسای “ژینا”، لە کاردانەوە بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا.
لە ڕێوشوێنێکی دیکەی گوماناویدا، وەک ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤە باسی کرد، دەسەڵاتداران کۆمەڵێک کامێرای چاودێرییان لە دامەزراوەکانی شاری سەققز، ماڵی ژینا ئەمینی و زۆرێک لەو شوێنانەی دیکە داناوە، کە رەنگە کۆبوونەوە و ناڕەزایی تێدا ئەنجام بدرێت، لەوانە ئەو گۆڕستانەی کە ئەمینی تێیدا بە خاک سپێردرابوو .
ئەڤین مستەفا زادە گوتی، “ناتوانرێت پێشبینی بکرێت کە سبەی چی روودەدات لە نێوان ئەو رێوشوێنە ئەمنیانە و پێداگری خێزانی ئەمینی بۆ چوونە دەرەوە بۆ یادکردنەوەی کچە شەهیدەکەیان”.