حکومەتی سوریا نرخی کرینی لۆکەی بۆ جووتیاران دیاریکرد

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

حکومەتی سوریا نرخی کرینی بەروبوومی لۆکەی لە جوتیاران دەستنیشانکرد و دەلێت ئەو برەی لە ناوخۆی سوریا بەرهەمدەهێنرێت بەشی بازار ناکات.

رۆژنامەی (وەتەن)ی نیمچە فەرمی بڵاویکردوە، سەرۆک وەزیرانی سوریا بریاریدا، هەر کیلۆیەک لۆکە بە بڕی 10 هەزار لیرەی سوری (75 سەنتی ئەمریکی) بۆ ساڵی 2023 لە جوتیاران بکڕدرێت.

هاوکات بەرێوەبەری گشتی بەبازارکردنی لۆکە، رامی سەلۆم، رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لەم وەرزەدا نزیکەی 20 هەزار تۆن لۆکە لە جوتیاران وەربگرێت، دەلێت هەموو ناوەندەکان ئامادەکراون بۆ وەرگرتنی لۆکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو برە “زۆر کەمە” چونکە، کارگەکانی حکومەت، ساڵانە  پێویستیان بە 20  هەزار تۆن هەیە، هاوکات کارگە ئەهلییەکانیش پێویستیان بە 17 هەزار تۆن هەیە.

لە ساڵانی پێش 2011، سوریا لە ریزبەندی دووەمی وڵاتانی بەرهەمێنەری لۆکە دادەنرێت، ساڵانە بەرهەمی سوریا لە لۆکە نزیکەی 700 هەزار تۆن بوو ، بەڵام لە ساڵی 2021، تەنها 30 هەزار تۆن بەرهەمی هەبوو، و سوریا ناوچاربوو بۆ یەکەم جار لۆکە هاوردەبکات.

زۆربەی بەرهەمی لۆکەی سوریا لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەققە، دێرەزوو و حەلەب بەرهەمدەهێنرێت، کە زۆربەی ئەو ناوچانە ئێستا لە ژێر کۆنترۆلی هێزەکانی سوریا دیمۆکرات هەسەدە دانە.