تورکیا بەردەوامە لە دیپۆرتکردنەوە… لە ماوەی 24 کاتژمێردا 500 پەنابەری سوریی دیپۆرتکردۆتەوە
تەل ئەبیاد – نۆرس پرێس
دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا بە زۆرەملێ، رۆژی چوارشەممە زیاتر لە 500 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا دیپۆرتکردەوە.
سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “ئەمرۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 500 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا دیپۆرتکردەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، لەو دەروازانەشدا رادەستی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کران کە نزیکن لە تورکیا .”
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، 80 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی کوتلە چەکدارەکان کراون لە رێگەی دەروازەی تەل ئەبیاد لە باکووری شاری رەقە، و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی داڵدەدان تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 420 پەنابەریان رادەستی دەستەی تەحریر شام کردووە، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا.
سەرچاوە تایبەتەکان لە ناو دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامە بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوی سوریا گەیشتووەتە نزیکەی پێنج هەزار و 500 دیپۆرتکراو.