وابڕیارە سەرجەم لایەنەکانی شیعە جگە لە رەوتی سەدر ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆبن
هەولێر- نۆرس پرێس
دوێنێ، سێشەممە، سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، سەرجەم لایەنەکانی ناوچوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە شیعییەکان جگە لە رەوتی سەدر سبەینێ ئامادەی کۆبوونەوەی گفتوگۆی نیشتیمانی دەبن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجامی کۆبوونەوەی گفتوگۆی نیشتیمانی کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، دوێنێ داوای لە لایەنەکان کردووە باشترین بژاردە دیاری دەکات کە چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی بۆ بدەدات بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندە.
دەشڵێت، بەدەستپێکردنی گفتوگۆی جدی لە نێوان لایەنەکان و گەیشتن بەرێککەوتنێکی راستەقینە کۆتایی بەم دۆخە و چەقبەستویی سیاسی دەهێنێت.
هەروەک رایانگەیاندووە کە ئەگەر دۆخەکە بخوازێت ئەوا چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیە دەستبەرداری کاندید کردنی “محەمەد شیاع سودانی” بێت و هەریەک لە “حەیدەر عەبادی” و “عەبدولحسێن عەبتان” لە دیارترین کاندیدەکانیانن بۆ جێگرەوەی سودانی.
وتیشی، ئەگەر موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ئەنجامی کۆبوونەوەکە قەبوڵ بکات ئەوا کێشەکان بە شێوەیەکی راستەقینە و بەئاسانی چارەسەر دەکرێن و هەموو لایەک ئامانجەکانی و بەرکەوتە سیاسی و هەڵبژاردنەکانی بەدەست دەهێنێت.
دوێنێ، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوە و تێیدا داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی عێراق کردووە رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی حکومەت کۆببنەوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش.
زیاتر لە 10 مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە و تا ئێستاش بەهۆی کێشەی نێوان لایەن سیاسییەکان و شکستهێنانی پەرلەمان لە سێ داسنیشتنیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان نەتوانراوە لایەنەکان بگەنە رێککەوتنێکی سیاسی لە دیاریری کردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و راسپاردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا.