لە گرژییەکانی ئەمدوایەی دێرەزووردا.. زیان بە پێنج وێستگەی ئاوی شارەکە گەشتووە

دێڕەزوور– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی فەرمانگەی ئاوی دێرەزوور رایگەیاند، پێنج وێستگەی ئاو لە لایەن گێرەشێوێنەکانەوە دزراون یان تێکداراون لە رووداو و گرژییەکانی ئەم دواییەی ئەو شارەدا.

دوو هەفتە لەمەوبەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک بۆ “بەهێزکردنی ئاسایش”، روبەڕووی گروپێکی گێرەشێوین بوونەوە، کە پێکهاتبوون لەو چەکدارانەی دیمەشق و تاران پاڵپشتی دەکردن، لە ئەنجامی ئەو رووداوانەدا زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان وەستان، هاوکات لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا دەردەکەوێت، کە هەندێک دامەزراوە تێکدەدرێن و تاڵان دەکرێن.

فەواز ئەلعەتیش، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو لە ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور رایگەیاند، وێستگەکانی ئاوی “ئەلسەبا، کوع ئەلعەتال، ئەلجرزی، زیبان، و دەرەنج” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور دزراون و تێکدراون.

ئاماژەی بە دزین و سوتاندنی محاویلەی کارەباش کرد، کە کارەبا بۆ وێستگەکانی ئاو و پاترییەکان دابین دەکەن، ئەمە جگە لە دزینی تێکەڵەی کلۆر و تۆڕ و کێبڵی پەیوەندی و پەنجەرە و دەرگا.

گرتەڤیدیۆییەکان کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە لە کاتی گرژییە ئەمنییەکاندا زیانێکی زۆر بەر وێستگەی ئاوی زیبان و دەرەنج کەوتوون.

ئەلعەتیش ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکان بەردەوامن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان بۆ ئەو وێستگانە و وەگەڕخستنەوەیان و پەمپکردنەوەی ئاو.

زۆربەی وێستگەکانی ئاوی دێرەزوور، رەقە، مەنبیج و تەبەقە بەدەست خراپی پەمپکردنی ئاوەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری فورات، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئاوەکان لەلایەن تورکیاوە.

ئامادەکردنی: ئیمان ئەلناسر – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان