رووسیا ئەمریکا بە ئەنجامدانی 24 پیشێلکاری لە ئاسمانی سوریا تۆمەتباردەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، ئەمریکا 10 جار ئاسمانی بنکەی تەنەف، لە باشووری سوریا پێشێل کردووە، هاوکات لە ماوەی دوێنێ دووشەممەدا 14 پێشێلکاری یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا تۆمارکراوە.
ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەیە، رایگەیاندووە، فڕۆکەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ماوەی دوێنێ دووشەممەدا 14 جار ئاسمانی سوریایان پێشێل کردووە.
بەگوێرەی ناوەندی رووسیا، ئەمە پێشێلکردنی یاساکانی بەریەککەوتنە، بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کە لە نێوان ئەوان و ئەمریکادا لە کانوونی دووەمی 2019دا ئەنجامدراوە و پەیوەندییان بە فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەیە بە بێ بوونی هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا.
ئەمەش لەلایەن ئەدمیڕاڵ ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیاوە خرایەڕوو، کە ئاماژەی بە 10 پێشێلکاری دیکە کرد لە ناوچەی تەنەف، کە لەلایەن سێ جووت فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 و جووتێک فڕۆکەی ئێف-16وە ئەنجامدراون و لەگەڵ دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرەڕۆڵی MQ-1C کە سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین.
ئەو بەرپرسە رووسە جەختی لەوە کردەوە کە “بەم جۆرە کارانە، هاوپەیمانی بەردەوامە لە دروستکردنی پێشمەرجی مەترسیدار بۆ رووداوە فڕۆکەوانیەکان، ئەمە جگە لەوەی دۆخی ئاسمانی سوریاش خراپتر دەکات”.