پرۆژەی بەستنەوەی تورکیا بە ئێرانەوە لە رێگەی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمرۆ دووشەممە، 11\9\2023 رایگەیاند، یەکەم قۆناغی بەگەرخستنی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان “رێگەی گەشەپێدانی ستراتیجی” دەستپێکرد، کە سنوری تورکیا – هەرێمی کوردستان – عێراق و ئێران بەیەکەوە دەبەستێت.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کە بریتییە لە دیراسەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان تەواو بوو، گوتیشی: “ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا بچینە قۆناغێکی دواتر کە دیزاینکردنی پرۆژەکەیە، ئینجا پرۆژەکە دەخرێتەروو بۆ وەبەرهێنان و لە قۆناغێکی تردا جێبەجێدەکرێت”.
بە وتەی دانا عەبدولکەریم، ئەو پرۆژەیە کە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت، لە سنووری تورکیاوە دەستپێدەکات و بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەرێت تا دەگاتە سنووری ئێران، هەروەها هەرێمی کوردستان لە رێگەی نەینەوا و کەرکوکەوە بە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دەبەستێتەوە.
لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوودا بە سەرپەرشتی حکومەتی عێراق لە بەغدای پایتەخت، بە بەشداری شاندەکانی وڵاتانی ناوچەکە، لە کۆرێکی تایبەتدا بە ناوی کۆنفرانسی “رێگای گەشەپێدان” نەخشەی پرۆژەکە بە فەرمی راگەیەندرا، کە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
“رێگای گەشەپێدان” بە پرۆژەیەکی ستراتیژی دادەنرێت، کە وڵاتانی کەنداو و ئێران بە شاری بەسرەی عێراقەوە دەبەستێتەوە لە رێگەی بەندەری فاو، واتە لە باشوری عێراقەوە دەستپێدەکات و بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەرێت و دەگاتە تورکیا.
لە ماوەی رابردوودا، بەرپرسانی عێراق و تورکیا رایانگەیاند، کە رێککەوتنێکی پێشوەختە لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا هەیە بۆ دامەزراندنی ئەو پرۆژەیە، چونکە “سودێکی گەورەی بازرگانی و ئابووری” هەیە بۆ ئەو دوو وڵاتە.
بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە ئەم پرۆژەیە دەلێن، رێگەی گەشەپێدان سودی بۆ ئابوری عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەبێت.
پێشتریش، ئەحمەد عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە پۆستێکدا لە ماڵپەری ئێکس رایگەیاند، پرۆژەکە داهاتێکی بەرچاو دابیندەکات، چونکە عێراق دەکاتە رێرەوێکی بازرگانی زیندوو کە رۆژهەڵات بە رۆژئاوا دەبەستێتەوە، هەروەها عێراق پێشوازی لە هەموو ئەو پرۆژانەی رێرەوی نێودەوڵەتی دەکات کە لە نزیکەوە تێدەپەرن.
لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، محەممەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەردی بناغەی پرۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی لە دەروازەی سنوریی شەلەمچە لە پارێزگای بەسرە دانا، کە تاران ئاواتەخوازە لە رێگەی ئەم پرۆژەوە خاکی ئێران بەە سوریاوە و پارێزگەی دێرەزوورە ببەستێتەوە دواتر دەستی بگاتە دەریای ناوەراست.
سودانی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو لە ئەنقەرە، پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان”ی لەگەڵ تورکیا راگەیاند، سودانی ئەم پرۆژەیە بە “کەناڵی وشکی رۆژهەڵات بە رۆژئاوا دەبەستێتەوە و رێرەوێکی جیهانییە بۆ گواستنەوەی کاڵا و وزە”، وەسفکرد.
سودانی باسی لەوەشکرد کە پرۆژەی “کەناڵی وشک” بابەتی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان عێراق و تورکیا بووە لە ئاستە جیاجیاکاندا.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە “کۆمەڵێک وەبەرهێنەر ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی پێویستی بە ٤ ملیار دۆلارە”.