رووسیا ئەمریکا بە ئەنجامدانی 19 پێشێلکاری لە ئاسمانی سوریا تۆمەتبار دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، ئەمریکا 5 جار ئاسمانی بنکەی ئەلتەنەفی لە باشووری سوریا پێشێل کردووە، هاوکات لە ماوەی دوێنێ یەکشەممەدا 14 پێشێلکاری یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا تۆمارکراوە.

بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، کە سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەیە، فڕۆکەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بوونەتە هۆی تۆمارکردنی پێنج “دۆخی مەترسیدار” لە ناوچەی ئەلتەنەفی سوریا، لەسەر سنوورەکان لەگەڵ ئوردن و عێراق.

  ئەمەش لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بوو لەلایەن جێگری سەرۆکی ناوەندەکەی رووسیاوە، ڤادیم کۆلێت، کە رایگەیاند، پێنج پێشێلکارییەکە لەلایەن دوو فڕۆکەی جەنگی ئێف- 16 و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-1C سەر بە هاوپەیمانییەکە ئەنجامدراوە.

هەروەها ناوەندەکە لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، ئەمریکا 14 پێشێلکاری لە پرۆتۆکۆلەکانی “دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن” ئەنجامداوە کە لە 9 ی کانوونی دووەمی 2019دا واژۆکراوە، ئەمەش یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پەیوەندیدارا بە فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە هەماهەنگی نێوان هەردوولادا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر