میلیشیاکانی سەر بە تورکیا دەستدرێژی دەکەنە سەر چەند کوردێک لە سەرێ کانیێ

سەرێ کانیێ – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ئەندامانی میلیشیایەکی چەکداری سەر بە تورکیا هێرشیان کردە سەر سێ هاوڵاتی کورد لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان لە شارۆچکەی ئەلمەبروکە لە رۆژئاوای سەرێ کانیێ لە رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “گرووپێکی چەکدار کە کەسێک بە ناوی”ئەبو شەلاش ئەلشەعیتی” سەرکردایەتیان دەکات و سەر بە میلیشیاکانی “ئەحرارئەلشەرقییە”ی دڵسۆزی تورکیان، بە توندی سوکایەتیان بە 3 هاوڵاتی کورد کردووە و لێیانداون و گواستویانەتەوە بۆ یەکێک لە بارەگاکانیان، بەبێ ئەوەی چارەنووسیان بزانرێت”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دەستدرێژییەکە بە بەرچاوی کاروانێکی چەکداری دیکەوە بوو بە ناوی “شورتەی عەسکەری”، بەبێ ئەوەی دەستوەردان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکە بۆ سەر ئەو هاوڵاتییانە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەم هێرشە بە چوارەم هێرش دادەنرێت لە جۆری خۆی لە دژی هاوڵاتیانی سڤیلی کورد لە ماوەی رابردوودا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیا دڵسۆزەکانی ئەنقەرە، جگە لە بوونی دەستگیرکردنی زۆرەملێ دژ بەوان بە بیانووی جۆراوجۆر، لەوانە کارکردن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی