پاڵەوانێتییەکی جیهانی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەرزشیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، پاڵەوانێتی بادمینتۆنی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا، سەرەتای مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

لەو پاڵەوانێتیەدا 12 هەڵبژاردەی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بەشداردەبن و ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت.

هەڵبژاردەی عێراق، کە بە 16 یاریزانی کوڕ و کچ بەشدارە و میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکات، بەشێکی زۆری یاریزانەکانی کوردن، لەئێستادا لە شاری هەولێر لە مەشق و راهێناندان و چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشیان لێدەکرێت.

پاش سازدانی پاڵەوانێتیی بادمینتۆنی وڵاتانی عەرەب لە 2012 دا، کە لە هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە بەڕێوەچوو، ئەمە دووەمجارە هەولێر میوانداری پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی بکات.

بەدمینتۆن یان ریشە (Badminton) یەکێکە لەو وەرزشانەی کە رەکتەی تێیدا بەکاردێت، یاریزان لەم یارییەدا بە شێوازی یەک بە یەک یان دوو بە دوو یاری دەکەن.