رێزلێنانی هونەرمەنێکی میللی تەمەن 96 ساڵان لە کۆبانێ

کۆبانێ – نۆرس پرێس

دوێنی شەممە، دەستەی رۆشنبیری لە هەرێمی فورات رێز لە هونەرمەندی فۆلکلۆری خدر حەبەش گرت، لە میانی ئێوارەیەکی گۆرانیئامێز و فۆلکلۆریدا لە سەنتەری باقی خەدۆ بۆ رۆشنبیری و هونەر، لە شاری کۆبانی.

ئامینە حوسێن، هاوسەرۆکی بزووتنەوەی میزۆپۆتامیا بۆ رۆشنبیری و هونەر لە هەرێمی فورات رایگەیاند، رێزلێنان لە هونەرمەند “خدر حەبەش” لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا دێت بۆ رێزلێنان لە یەکێک لە هونەرمەندە بەتەمەنەکان (کۆن – فۆلکلۆرناسان)ی ناوچەکە بەشیوەیەکی ساڵانە.

دەستەکە لە ئێوارەیەکی هونەریدا بە بەشداری هونەرمەندانی فۆلکلۆر، کە لە رێگەی گۆرانییەکانیانەوە میراتی دێرینی گۆرانی لە ناوچەکە دەپارێزن، رێزیان لەو هونەرمەندە گرت.

حوسێن ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجیان رێزلێنانە لە هونەرمەندانی جەماوەریی و فۆلکلۆریی، بەمەبەستی پاراستنی میراتی هونەری دێرینی ناوچەکەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێوارەکە پێشبڕکێیەکی فۆلکلۆر و گۆرانی فۆلکلۆری لە ناوچەکەدا لەخۆگرتبوو، کە تێیدا دیاری پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

ئەو هونەرمەندە ناوی “خدر حەبەشە” و تەمەنی 96 ساڵە، یەکێکە لە هونەرمەندە فۆلکلۆرییە بەناوبانگەکان و خەڵکی شارۆچکەی شیرانە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، بە گۆرانییە بەناوبانگەکانی وەک “بیمال، دەلال، تەیار” ناوبانگی دەرکردووە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی