لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 10 چەکداری داعش لە عێراق دەستگیرکران

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی 10 چەکداری ڕێکخراوی داعشیان ڕاگەیاند، لەنێویاندا ئەندامێکی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکەی تێدایە، کە لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا لە ناوچە جیاوازەکان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ شەممە، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە پارێزگای نەینەوا  4 چەکدار دەستگیرکران.

بەپێی بەیاننامەکە، ئەو چوار چەکدارە لە بۆسەیەکدا دەستگیرکراون، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە سەر بە  فیرقەی یەمامە، دیوان جند، ویلایەتی دیجلە، و سەربازگەی گشتین و لە بەرامبەر ئەوەدا بڕە پارەیەکیان لە داعش وەرگرتووە.

پێشتریش، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراقی راگەیاندبوو، لە ئۆپەراسیۆنێکدا چەکدارێکی داعش بە ناوی (ح، ع ، ب ) کە لە میدیایی داعش کاری دەکرد دەستگیرکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، کە ئەو ئەندامە فەتوای تایبەت بە ڕێکخستن و هاندانی خەڵک بۆ پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی داعش لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقس بڵاودەکردەوە.

دەزگای هەواڵگری ئەوەشی خستەڕوو، تیرۆریستەکە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی  هەواڵ بووە لەبارەی لێکۆڵینەوە و ڕێنماییەکانی چۆنیەتی ئامادەکردن و دروستکردنی تەقەمەنی، پشتێنی تەقەمەنی، ئامێری تەقەمەنی، شێوازەکانی تیرۆرکردن، و دروستکردنی چەکی مامناوەند و چەندین شێوازی تری تیرۆر.

هەروەها چەکدارانی داعشی هاندەدا بۆ کۆچکردن بۆ ئەوناوچانەی کە داعش لە ئەفریکا کۆنترۆڵیکردوون.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، هەواڵگری سەربازی ڕایگەیاند، پێنج تۆمەتباری سەر بە ڕێکخراوی داعش لە پارێزگاکانی بەغدا و ئەنبار دەستگیرکردووە.

دوێنێ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی لەگەڵ هێزەکانی هاوبەشی (عێراقی و سوریای دیموکرات) لە ماوەی مانگی ئابدا بڵاوکردەوە کە 36 ئۆپەراسیۆن بووە، لەم ئۆپەراسیونانەدا 7 چەکداری داعشیان کۆشتوە و 25 چەکداریشی دەستگیرکردووە.

ئامادەکردن و دارشتنەوە: هۆزان زوبێر