ئەنجومەنی تلتەمر دیداری هۆزەکانی رێکخست

تلتەمر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، ئەنجومەنی خۆجێیی شارۆچکەی تلتەمر، دیدارێکی بۆ هۆزە عەرەب و کوردەکان و لایەنە سیاسیی و کەسایەتییە دیارەکان و چالاکوانە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان، لە دەزگای بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەکە ئەنجامدا.

دیدارەکە بە هەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی شارۆچکە و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سەربازی تلتەمر و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاساییش)، بۆ تیشکخستنە سەر رووداو و گرژییەکانی ئەم دواییەی گوندەواری دێرەزۆر بەڕێوەچوو.

ئەحمەد حەیدەر، ئەندامی دەستەی رێکخەری کۆڕبەندەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەم دیدارە لەسەر داوای رۆڵەکانی گەلەکانمان هات، بۆ روونکردنەوەی راستییەکان، دوای ئەوەی هەندێک درۆ و پڕوپاگەندە هەبوو، بە مەبەستی پیلانگێڕیی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەلایەن دەوڵەتی تورک و لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە، بۆ ئەوەی ناتەبایی لەنێوان نەتەوەکانی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەدا دروست بکەن”.

حەیدەر گوتیشی، “ئەنجامدانی ئەم دیدارە لەسەر داواکاریی هاوڵاتیان بوو، بۆ پشتگیریکردن لە “هەسەدە”، بۆ ئەوەی رێگری لەو فیتنە بکەین کە هەندێک لایەن هەوڵی نانەوەیان دەدا و دەیانویست درزێک لە نێوان  پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دروست بکەن، کە “هەسەدە” توانی بە حیکمەت و عەقڵەوە ئەم پرسە تێپەڕێنێت، ئەو تاقیکردنەوەی مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕش، کە بەدەستی هاوڵاتیانی ناوچەکە بەدەستهاتوون”.

لای خۆیەوە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی خێڵی بەکارە، سالم عیسا الرامۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێمە قبوڵ ناکەین هیچ ناکۆکییەک لە ناوچەکەدا لەنێوان پێکهاتەکاندا رووبدات، ئێمە و کوردەکان و پێکهاتەکانی دیکە هەزاران ساڵە وەک پێکەوە وەک ئەندامانی یەک ماڵ ژیاوین”.

گوتی، “بۆیه ئێمه دژی ئەوەین که له دێرەزوور روودەدات، بۆیە خوێنی هەموو پێکهاتە و ناوچەکان تێکەڵ بە یەکتر دەبن له پێناو پاراستنی ئه م وڵاته”.

ئەلرامۆ ئاماژەی بەوەدا کە دانیشتوانی ناوچەکە دەبێت زیاتر ئاگاداری ئەو پلانانە بن و نەکێشرێنە ناو هەوڵدان بۆ چاندنی ناتەبایی نێوان پێکهاتەکانەوە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی