رۆناڵدۆ: رکابەریی لەگەڵ مێسی کۆتاییهات و ئێمە هاوڕێ نین
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی نەسری سعودی، پێیوایە رکابەرییە مێژووییەکەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەر میامی کۆتایی هاتووە.
دوێنێ رۆناڵدۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەکاتی راهێنانیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال گوتی: “رکابەریی من لەگەڵ مێسی کۆتایی هاتووە، بەڵام رکابەرییەکی باش بوو، بینەران زۆریان خۆشویست”، ئاماژەی بەوەشدا، کە هەرکەسێک کریستیانۆی خۆش بوێت، مەرج نییە رقی لە مێسی بێت یان بە پێچەوانەوە، “ئێمە مێژووی تۆپی پێمان گۆڕی و تا ئێستاش بەردەوامین”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە هەموو جیهاندا رێزمان لێدەگیرێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە دەرەوەی ئەوروپا یاری بکەین یان نا، ئێمە لە دۆخێکی باشداین بە گوێرەی ئەوەی لەبەرچاوە و ئەو مێژووەش بەردەوامە”.
لە کۆتاییدا گوتی “ئێمە 15 ساڵە هاوبەشی لوتکەین، بەڵام هاوڕێ نین، چونکە هەرگیز پێکەوە خوانێک کۆینەکردووینەتەوە، بەڵام هاوکارێکی پیشەییین و رێز لە یەکتر دەگرین”.
هەینی داهاتوو، هەڵبژاردەی پورتوگال رووبەڕووی هاوتا سلۆڤاکییەکەی دەبێتەوە، لە قۆناغی پێنجەمی پاڵەوانێتییەکانی کۆمەڵەی دەیەم، لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 کە وڵاتی ئەڵمانیا میواندارێتی دەکات، دواتر لە قۆناغی شەشەمدا پێشوازی لە لۆکسمبۆرگ دەکات، کە دووشەممەی داهاتوو یەریەکە ساز ئەنجام دەدرێت.