پوتین ئەردۆغان بە نائومێدیەوە دەنێرێتەوە لە سوتچی

دیمەشق– نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆی رووبەڕووی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، هاوتا رووسیەکەی بە بانگەشەی ئەگەری زیندووکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، لە سەرانسەری دەریای رەش کۆتایی پێهێنا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە کەوا پێشکەوتنێک لەوبارەوە هەبێت، کە بتوانێت دانوستانەکانی بەهێزتر بکات لە پەیوەندییەکانی داهاتوودا، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەردۆغان رۆژی دووشەممە لەگەڵ پوتین کۆبووەوە و تاوتوێی زیندووکردنەوەی رێککەوتنێکیان کرد، کە رێگە بە ئۆکرانیا دەدات دانەوێڵە هەناردە بکات، هەروەها تاوتوێی زۆرێک لە دۆسیە ناوچەییەکانیان کرد لەوانە دۆسیەی سوریا.

پوتین بە روونی ئەوەی خستەڕوو، کە دەستپێشخەری نێودەوڵەتی لەسەر رێککەوتنەکە لە ئێستادا ئەنجامی نابێت و ئاماژەی بە داواکارییەکانی کرد کە پێویستە رۆژئاوا جێبەجێی بکات.

رووسیا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و بە ئاماژەدان بە داواکارییە جێبەجێنەکراوەکان سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی وڵایەکەیان.

تورکیا کە نێوەندگیری ئەو رێککەوتنەیە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا پاراستووە.

  ئەردۆغان بەر لە گەشتەکەی بۆ سوتچی، شانازی بە ئەگەری نوێکردنەوەی ئەو رێکخستنانەنەوە دەکرد کە بە گوتەی خۆی یارمەتیدەر بووە بۆ رێگریکردن لە قەیرانی خۆراک لە بەشێک لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا.

بەڵام پوتین ئاوی ساردی رژاندە سەر هیواکانی ئەردۆغان، بۆ زیندووکردنەوەی دەستپێشخەرییەکە و رایگەیاندووە، سەرەتا دەبێت رۆژئاوا داواکارییەکانی لە بارەی ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی کشتوکاڵی رووسیا جێبەجێ بکات.

لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی “تاس”ی رووسی لەزاری توێژەرێکی تورکیەوە ئاگاداریی لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە رەنگە ئەردۆغان لە دوای دەرئەنجامەکانی ئەم لوتکەیەوە لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەست بە زەلیلبوون بکات.

ئەردۆغان کە پێشتر رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە رازیکردنی پوتین بۆ پابەندبوون بەو رێککەوتنەوە، هەوڵدەدات هەمان ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئەردۆغان لە سوتچی گوتی: “وەک تورکیا باوەڕمان وایە لە ماوەیەکی کورتدا دەگەینە چارەسەرێک کە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا بێت”.

کۆبوونەوەکە بەبێ ئەوەی ئەردۆغان ئەوە بەدەستبهێنێت کە ئاواتەخوازە پوتین رازی بکات بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنێکی نوێی دانەوێڵە، پێش ئەوەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 16ی ئەیلولدا ساز بکرێت.

کرێملین رەتیکردەوە گرێبەستی دانەوێڵە نوێ بکاتەوە، ئەو گرێبەستەی کە لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا کۆتایی هات، چونکە گلەیی ئەوەی هەبوو کە بەربەستەکان و سنووردارکردنی هەناردەی وڵاتەکەی، رێگری لە بازرگانی کشتوکاڵیی دەکات.

گرێبەستە سەرەتاییەکە – کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیاوە لە تەمموزی 2022دا واژۆکرابوو – رێگەی بە هەناردەکردنی نزیکەی 36 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و کاڵای دیکە دەدا، کە سەرەڕای شەڕی رووسیا بەسەلامەتی لە سێ بەندەری ئۆکرانیاوە هەناردە بکرێت.

پێش کۆبوونەوەی لوتکەی پوتین و ئەردۆغان، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەسەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ گوتووێژی کرد، بۆ ئەوەی لەسەر وردەکارییەکانی ئەم سەردانە رێککەون و بەدواداچوون بۆ رێککەوتنێکی نوێی دانەوێڵە بکەن.

 لەو ماوەیەدا وادیارە رووسیا لیستی ئەو رێوشوێنانەی رادەست کردووە کە رۆژئاوا دەبێت بیگرێتەبەر بۆ ئەوەی هەناردەکردنی دەریای رەشی ئۆکرانیا دەستپێبکاتەوە، هەروەها سەرنجی خستووەتە سەر دۆسیەی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر