“چین لەرێگەی گەشتیارەکانییەوە سیخوڕی بەسەر ئەمریکادا دەکات”

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرپرسانى ئەمریکا، ئاماژەیان بەوەداوە، لە ماوەکانى رابردوو وڵاتى چین لەرێگەی گەشتیارەوە، 100 جار سیخوریی بەسەر بنکە سەربازییە هەستیارەکانى ئەمریکا، کردووە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هاووڵاتیانی چینی کە هەندێک جار وەک گەشتیار دەردەکەون، نزیکەی سەد جار دزەیان کردووەتە ناو بنکە سەربازییەکان و شوێنە هەستیارەکانی ئەمریکاوە.

بەرپرسانى ئەمریکا، ئەم رووداوانەیان بە هەرەشەی سیخوری بۆ سەر وڵاتەکەیان وەسف کردووە.

رۆژنامەکە لە زارى بەرپرسانى ئەمریکا ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە، هەوڵەکان بۆ سیخوریکردن بەسەر شوێنە هەستیارەکانى ئەمریکا، جیاواز بووە، وەک هەوڵى چەند گەشتیارێکى چینى بۆ تێپەراندنى سیستمى موشەکى لەنیومەکسیکۆ و، بەکارهێنانى ژێردەریایی لە نزیک سەکۆى هەڵدانى موشەکى سوپاى ئەمریکا لە فلۆریدا.

لە دواى بڵاوبوونەوەى ئەم راپۆرتە رۆژنامەوانییە، تاوەکو ئێستا وەزارەتى بەرگرى و ئاسایشى ناوخۆى ئەمریکا، هیچ لێدوانێکى رۆژنامەوانی لەسەر ئەم پرسە نەداوە، چینیش وەڵامێکى روونى بۆ ئەو تۆمەتانەى بەرپرسانى ئەمریکا نەبووە.