لە دیدارێکی ئەمنی و ئابووریدا.. تاران داوا لە ئەنقەرە دەکات رێز لە سەروەریی وڵاتان بگرێت
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوای لە تورکیا کرد کە “رێز” لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان (بە ئاماژەدان بە سوریا) بگرێت و دەڵێ ئەمە “کاریگەرترین رێگەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر”.
ئەمەش لە دیدارێکدا هات لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە دوێنێ یەکشەممە سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەتایبەت دۆسیەی هاوبەشی ئەمنی و ئابووری گفتوگۆیان کرد.
بەگوێرەی راگەێنراوی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، رەئیسی هیوای خواستووە کە ئاستی هاوکاریی دوو قۆڵی لە خولی نوێی سەرۆکایەتی ئەردۆغاندا بەرەوپێش بچێت، هەروەها “ببێتە هۆی بەهێزبوونی کاریگەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ هەردوولا”.
سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لە سوریا، رایگەیانددوە کە کاریگەرترین رێگا بۆ چارەسەری ئەم نیگەرانیانە، رێزگرتنە لە سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتانی ناوچەکە.
رەئیسی داوایکردووە کە روبەڕووی بوونی وڵاتانی بیانی ببنەوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکان، لەوانە قەوقاز.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاککردنی لێژنەی هاوکاریی ئابووریی هاوبەشی نێوان ئێران و تورکیای بە رێگایەک بۆ ئاسانکاری رێبازی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و وەبەرهێنانی ووزەی هاوبەش دەزانێت.
لای خۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئێران و تورکیا توانای گەورەیان هەیە بۆ فراوانکردن و بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان، هەروەها ئەگەری بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا بۆ 30 ملیار دۆلار.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، فراوانکردنی ئاستی کاریگەریی نێوان هەردوو وڵات پێویستی به گرنگیدان و پاڵپشتی تایبەتی سەرۆککۆماری ئێران و تورکیا هەیە، و داوای پشتیوانی ئێرانی کرد بۆ ئەندام بوونی وڵاتەکەی لە گرووپی برێکس، ئەمە جگە لە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات له پرسە هەرێمییەکاندا.
لە دیدارێکی جیای نێوان فیدان و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، هەردوولا باسیان لە رێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاریی هەمەلایەنەی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەت لە بواری ئەمنی و ئابووریدا کردووە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتوویەتی، ئاسایشی ئێران پەیوەستە بە ئاسایشی تورکیاوە و ئاماژەی بەوەداوە کە هەردوو وڵات روبەڕووی هەمان پیلانی “شەڕانگێزی” بوونەتەوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، جەختی لەسەر پتەوکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران و تورکیا کردووەتەوە، بەتایبەتی لە بواری وزە و ترانزێتدا و بە ئاسانی زانی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بگاتە 30 ملیار دۆلار لە نێوان دوو وڵاتدا.