هەسەدە ئاماری کوژراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی لە تل تەمر بڵاوکردەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمرۆ یەکشەممە، 3\9\2023 هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە تورکیا، بۆ سەر گوندەکانی شارۆچکەی زەرگان و تەل تەمر سەر بە پارێزگای حەسەکە، بەرپەرچ بدەنەوە و لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەش زیاتر لە 12 چەکدار کوژران.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن سوریا بە پاڵپشتی هێزەکانی تورکیا، هێرشێکی زەمینییان کردە سەر گوندەکانی گوندەواری رۆژئاوای تەل تەمر لە باکوری حەسەکە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا کە لە پەڕەی فەرمی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، رایگەیاندووە، “گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیک لە ئەنقەرە، هێرشیان کردە سەر گوندەکانی تەویلە، تەل تەویل و خەمسەی سەر بە شارۆچکەی تەل تەمر، شەرڤانانمان هێرشەکەیان بەرپەرچ دایەوە و بە تەواوی پووچەڵیان کردەوە”.

ئاماژەی بە وەشکرد، لە ئەنجامی شەر و پێکدادانەکاندا زیاتر لە 10 چەکداری ئۆپۆزسیۆن کوژراون.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا باسی لەوە کردووە، کە هێزەکانی هەسەدە هێرشێکی دیکەی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر گوندی بوبی سەر بە شارۆچکەی زارگان پووچەڵ کردەوە، لە ئەنجامدا دوو چەکدارانی گروپە چەکدارەکان کوژراون.