خۆپیشاندانەكەی كەركوك گرژی و ئاڵۆزی تێكەوت و كوژراو و بریندار هەیە

هەولێر- نۆرس پرێس

خۆپیشاندانەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی كەركوك گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتەوە و گەنجێكی كورد بە تەقەی هێزە ئەمنیەكان كوژراوە و زیاترلە پێنج کەسی دیکەش برینداربون.

بەگوێرەی زانیاریەكان، خۆپیشاندانەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی هاوڵاتیانی كورد گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتۆتەوە و هێزە ئەمنیەكان بەدەستڕێژی گولەی وەڵامی داخوازیەكانیان داوەتەوە كە داوایان دەكرد، رێگای سەرەكی كەركوك-هەولێر بكرێتەوە لەکاتێکدا ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە لەلایەن ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی عەرەبەوە داخراوە.

هەر بەگوێرەی زانیاریەكان، گەنجێكی كورد كوژراوە و زیاتر لە پێنج كەسی دیكەش برینداربون و لەئێستاشدا گرژی و ئاڵۆزیەكان بەردەوامیان هەیە.

بەهۆی  ئەم گرژی و ئالوزیانەی ئەمڕۆ سەروک مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، ڕێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە.

 ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت.

لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.

 هەربەهۆی گرژی و ئالوزیەکانی ئەمڕۆی شاری کەرکوک مەسرور بارزانی سەروکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەو پەیامەدا دەڵێت، بە توندی سەرکۆنەی ئاژاوەکانی دژ بە دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکووک دەکەین. سەرکۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین کە لە لایەن شۆڤینیەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

داوا لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەکەم بە پەلە کۆنترۆڵی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە بکات و سەر و ماڵی هاونیشتمانیان و خۆپێشاندەران بپارێزن و چیتر ڕێگە بە کەسانی نابەرپرس نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن.

لە هەمانکاتدا داوا لە هاووڵاتییە کوردە ستەملێکراوەکانیشمان لە  کەرکووک دەکەم، دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە کاردانەوەی توند بەدوور بگرن.  داوا لە هاونیشتمانیانی عەرەبی ڕەسەن و تورکمانەکانی خەڵکی کەرکووکیش دەکەم، ڕێگە بە خەڵکێکی نامۆ بە شارەکە نەدەن ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان تێک بدەن.