هەولێر- نۆرس پرێس
سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگه‌یاند، پارەی موچه‌ى مانگى ئابی لیوا هاوبه‌شه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه گەیشتووەته هه‌رێمی كوردستان و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی ده‌کرێت.
فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە به میدیاكان راگه‌یاندووه، پارەی موچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، كە لەلایەن ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئەمریكاوە دابیندەكرێت گەیشتووە و لەم هەفتەیەدا دابەشدەکرێت.
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، موچەكە تەنها لیوا هاوبەشە كۆنەكان دەگرێتەوە و جارێ لیوا هاوبەشە تازەكان نەخراونەتە چوارچێوەی ئەو لیوایانەوە.
تائێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ دابه‌شكردنی موچه و چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی پاره له به‌غداوه ده‌كرێت، به‌ڵام پاره‌كه‌ی لیوا هاوبه‌شه‌كان گه‌یشتووه و بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ست به‌دابه‌شكردنی بكرێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بڕیاربوو پاره‌كه زوتربگات و ده‌بوو هه‌فته‌ی رابردوو ده‌ست به دابه‌شكردنی بكرێت، ئه‌ویش دواكه‌وتووه.
زیاتر له پێنج مانگه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له رێگه‌ی بۆرییه‌وه بۆ توركیا راگیراوه، به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه كه هاوشێوه‌ی مانگی رابردو 598 ملیار دینار بداته هه‌رێم، به‌ڵام ده‌یه‌وێت له‌و پاره‌یه قه‌رزی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) ببڕێت كه ساڵانی رابردوو حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ریگرتووه.
به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق له كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد و شاندی عێراق وتویانه ئاماری جیاوازیان لەبارەی داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەستدایە، ئەو ژمارانەی شاندی هەرێم دەیخاتەڕوو جیاوازە لەو ژمارانەی لەبەردەست ئەواندایە و پێیانوایه داهاتی ناوخۆ و ده‌روازه‌كان زۆر زیاتره له‌و ژماره‌یه‌ی کە حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرای ده‌كات.