خێزانەکانی رەقە خۆیان بۆ جێهێشتنی کەمپی هۆل ئامادە دەکەن
حەسەکە-نۆرس پرێس
دەیان خێزانی خەڵکی شاری رەقە خۆیان ئامادە دەکەن تاوەکو سبەینێ یەکشەممە، 3ی ئەیلول، کەمپی هۆل لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکە جێبهێڵن.
جیهان حەنان، کارگێری کەمپی هۆل، ئەمرۆ شەممە رایگەیاند، 96 خێزان، بە کۆی گشتی 360 کەس، کەمپی هۆل بەجێدەهێڵن، بۆ ئەوەی بگەرێنەوە شارەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی دەرچوون دەستپێشخەرییەکی بەرێوبەرایەتی خۆسەرە و ئەنجومەنی مەدەنی رەقە کاردەکات بۆ وەرگرتنیان دوای گەرانەوەیان.
ئەمە دووەم گروپی ئاوارە سورییەکانە کە لە ماوەی ساڵی 2023دا کەمپی هۆل بەجێدەهێڵن، دوای ئەوەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر بەشێکی ئاوارەکانی لە شاری مەنبج گەراندەوە.
کەمپی هۆل نزیکەی 55 هەزار کەس لەخۆدەگرێت کە دوو هەزار و 423 خێزانی ئەندامانی داعشن کە لە نزیکەی 60 وڵاتەوە هاتوون، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی کەمپەکە.