مباپێ یەک هەنگاو دوورە لە رۆشتنی بۆ ریاڵ مەدرید

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

دوای ئەوەی یانە پاریسییەکە دەرگای بۆ ریاڵ مەدریدی ئیسپانی وەڵاکرد، سەبارەت بە گواستنەوەی مباپێ، لە ئێستادا یەک هەنگاو ماوە بۆ رۆشتنی ئەستێرە فەڕەنسییەکە بۆ یانەی شاهانە.

رۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی دڵنیاییدا کە رەنگە ئەم گرێبەستە لە دوایین کاتژمێرەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا رووبدات، لە ئێستادا یەک بابەت رێگرە، ئەویش رێککەوتنی نێوان مباپێ و پاریس سانجێرمانە بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزە داراییەکانی نێوانیان.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکردوە، قەرزەکە بەهای 80 ملیۆن یۆرۆیە، كە بریتیە لە بڕی پاداشتی واژۆکردنی گرێبەستەکەی مباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان، لە بەرامبەری ئەوەی كە مباپێ لە دوای 31ی تەمموزی 2023 بەردەوام بێت لەگەڵ تیمەکە.

رۆژنامەکە رایگەیاند: ئەم پاداشتە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ئەستێرە فەرەنسیەکە لەم هاوینەدا لە پاریس بمێنێتەوە و پاش ساڵێک بە خۆڕایی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.

“سپۆرت” ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ئەو قسە و باسانەی ئەم دواییە راست بن، ئەوا ریال مەدرید دەبێت لەگەڵ مباپێ رێکبکەوێت لەسەر چۆنیەتی پێدانی پاداشتی گرێبەستەکەی.

پێشبینی دەکرێت کە گرێبەستی کیلیان مباپێ 250 ملیۆن یۆرۆ لەسەر ریاڵ مەدرید بكەوێت.