نەتەوە یەکگرتووەکان: 200  کاروانی هاوکاریمان گەیاندووەتە باکوری رۆژئاوایی سوریا

دیمەشق-نۆرس پرێس

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە دوای روودانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ لە سوریا و تورکیا، 200 گەشتی گەیاندنی هاوکاری بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا ئەنجامداوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە وردەکارییەکانی گواستنەوەی یارمەتییەکان لە رێگەی باب ئەلهەوا تا ئێستا ناروونە.

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە دوای یەکەمین سەردانی نێوان دەزگاکان بۆ ئیدلب لە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکە، توانیان 200 کاروانی هاوکاریکردن بهێننە نێو خاکی سوریا لە باکوری رۆژئاوایی ئەو وڵاتە.

لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، نووسینگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای گەیاندی کاروانی رۆژی یەکشەممە، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامەوە، نوونەر و کارمەندانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەگەل “هاوبەشە خۆجێیەکان” سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان و کۆگاکانی رێکخراوەکە لە عەفرین و عەزاز کردووە”.

نووسینگەکە دووپاتی کردەوە کە بەردەوامە لە گەیاندنی یارمەتییە بەپەلە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی باب ئەلسەلام و راعییەوە لە سەر سنوری نێوان تورکیا و سوریا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەکارهێنانی دەروازەی باب ئەلهەوا لەژێر ئەو لێکتێگەیشتنەی کە بەمدواییە لەگەڵ حکومەتی سوریا کرابوو، ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: هێشتا کار لەسەر وردەکارییەکانی گواستنەوەی یارمەتییەکان لە رێگەی باب ئەلهەوا دەکەین، و چۆنیەتی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە.”