کرێی گواستنەوەی ناوخۆیی لە حەسەکە بەرزدەبێتەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، شارەوانی حەسەکە، لە رۆژئاوای کوردستان، بڕیارێکی دەرکرد بۆ بەرزکردنەوەی کرێی گواستنەوەی ناوخۆیی گواستنەوەی گشتی لە نێوان شارەکە و دەوروبەریدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، عەلا بەشار، کارگێڕ لە بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی شارەوانی، رایگەیاند، بڕیاری گرانکردنی نرخی کرێی گواستنەوە دوای پێکهێنانی لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی کانتۆنەکانی حەسەکە و قامشلۆ هات، بە پشتبەستن بە تێچووەکانی گواستنەوە لە سووتەمەنی و رۆن و تێکچوونەکانی دیکە.

ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی گواستنەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 87 لیرەی سوری بۆ هەر کیلۆمەترێک، لە کاتێکدا پێشتر 62 لیرەی سوری بووە.

کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە ماوەی دواییدا بە بێ بڕیاری فەرمی باجی گواستنەوەیان بەرز دەکردەوە، ئەمەش ناڕەزامەندی لە لای زۆرێک لە گەشتکاران دروست کردبوو، بەڵام بەشار روونیکردەوە کە  لەگەڵ رێکخەرانی گواستنەوە کۆبوونەوەیان کردووە و هۆشدارییان داوە لە پێویستی جێبەجێکردنی نرخی نوێ و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: روبین عومەر