وەزیری بازرگانی تورکیا لە بەغدا لە گەڵ هەریەکە لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
شەوی رابردوو، وەزیری بازرگانی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لە لایەن وەزیری پلاندانانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا و دواتر لەگەڵ وەزیرەکەی عێراق کۆبوونەوە، بڕیارە ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.
عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانی تورکیا، شەوی رابردوو بە یاوەری شاندێکی بازرگانان و وەبەرھێنەرانی تورکیا گەیشتە عێراق و لەگەڵ محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و یاریدەدەری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
میدیا ناوخۆییەکانی عێراق باسیان لەوەکرد، کە ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری بازرگانی تورکیا بۆ عێراق زیادکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەنێوان ھەردوو وڵات بۆ نزیکەی 20 ملیار دۆلار.
راشیانگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بازرگانی تورکیا لەگەڵ ھەریەک لە لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و سبەینێش سەردانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ھەولێر کۆببێتەوە.