ژووری وەرزشی – نۆرس پرێس
بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی فەرەنسا، یانەی ریاڵ مەدرید پلانێکی نوێی داڕشتووە بۆ ئەوەی کیلیان مباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بهێنێتە نێو ریزەکانیەوە.
گرێبەستەکەی مباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، چەند راپۆرتێکیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە مباپێ بە یانەکەی راگەیاندووە کە نیازی نوێکردنەوەی نییە.
یانەی پاریس سانجێرمان بڕیاری دابوو مباپێ سڕ بکات و دایبنێت بۆ فرۆشتن لەم هاوینەدا، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکاندا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی “فوت مێرکاتۆ”ی فەرەنسی، یانەی ریاڵ مەدرید پاشەکشەی کردووە لە بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ مباپێ لەم هاوینەدا، بەڵام هێشتا زۆر ئارەزووی هێنانی ئەو یاریزانە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، یانەی ریاڵ مەدرید پلانێکی نوێی داڕشتووە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، مباپێ بهێنێت بۆ یانەکەیان.
روونیشی کردەوە کە یانەی “مەرەنگی” لاری نییە کە بڕە پارەیەک بدات بۆ ئەوەی لە مانگی کانوونی دووهەمدا مباپێ بهێنێتە ریزەکانیەوە، هەرچەندە کەمتر لە 6 مانگی دەمێنێت تا کۆتایی گرێبەستەکەی.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرکەوتنی ئەم پلانە بەندە بە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان مباپێ و ئیدارەی پاریس سانجێرمانەوە لە ماوەی داهاتوودا.