تۆپخانەکانی تورکیا قوتابخانەیەک لە گوندەواری باکووری حەڵەب دەکەنە ئامانج
حەڵەب – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە، هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دڵسۆزیان، قوتابخانەیەکیان لە گوندی ئەبین-ی سەر بە ناحیەی شێراوا لە گوندەواری باکووری حەڵەب کردە ئامانج و زیانی مادی لێکەوتەوە.

شایەتحاڵێک لە گوندەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، حەوت گولەی تورکیا بەر گوندەکە کەوتووە، دوو گولە لە حەوشەی قوتابخانەکە کەوتوون، یەکێکی دیکەشیان لە شوێنێکی نزیک لێی، کە بووەتە هۆی پچڕانی کێبڵەکانی کارەبای ناوچەکە، ئەمە جگە لە وێرانکردنی موڵک و ماڵی دانیشتووان.
خێزانە ئاوارەبووەکانی عەفرین لەو قوتابخانەیەدا نیشتەجێن، تۆپبارانەکە بووەتە هۆی دروستکردنی دۆخێکی ترسی لەڕادەبەدەر بۆیان، بە وتەی هەمان شایەتحاڵ.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ئێوارەی دوێنێ، تۆپخانەکانی تورکیا گوندەکانی “تەل ئەلمەدیق، تەل زوەیان، ئەلشەعەلە، تەل ئەلعەنەب و بەنداوی ئەلشەهبەیان” بۆردومان کرد، بە زیاتر لە 15 گولە، بەپێی زانیارییەکی سەرچاوەیەکی سەربازی.
ئەو گوندانەی کە دەکەونە سەر هێڵەکانی بەرکەوتن لە ناوچە سنوورییەکان هەڵکشانی سەربازیی تورکیا بەخۆوە دەبینن.