هەولێر- نۆرس پرێس
شەش مانگ لەمەوبەر بومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە باکوری رۆژئاوای سوریا روویدا، بەوەش زیانەکانی شەڕی چەند ساڵەی نێوخۆی ناوچەکەی دوو هێندە زیادکرد، ئەگەرچی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و سەردانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە پاش بومەلەرزەکە هیوایەکی گەورەی بە خەڵکەکە بەخشی لەوەی زیاتر بەدەمیانەوە دەچن، بەڵام تا ئێستا ئەمە رووینەداوە.
نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکیدا باس لە بەردەوامیی ئازارەکانی ئەو سوریانە دەکات کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە ئاوارە بوون و باس لە یەکێک لە خێزانە زیانلێکەوتوەکان دەکات، کە خاوەنی حەوت منداڵن و لە چادرێکدا و لە ژێر کاریگەری خۆری سوتێنەر ژیان دەکەن.
فاتیمە میری کە دایکی ئەو حەوت منداڵە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری نیویۆرک تایمز، رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە دێن و وێنە دەگرن و دواتر دەڕۆن، رێکخراوەکان هیچ هاوکارییەکی پێویست یاخود مانادارمان بە هیچ شێوەیەک پێشکەش ناکەن.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، زیاتر لە شەش هەزار کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 10 هەزار باڵەخانە وێران بون و نزیکەی 265 هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون، هەروەک تا کاتی بومەلەرزەکە، 15.3 ملیۆن کەس کە دەکاتە 70%ی دانیشتوانی سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبووە، هاوکات کاربەدەستانی ناوچەکە رەخنەیان لە رێکخراوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت سەبارەت بەوەی هاریکاری پێویستیان بۆ سوریا نەناردوە.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، ملیۆنان کەسی نیشتەجێی ئێستای ناوچەی بومەلەرزەکە، پێشتر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە شەڕی نێوخۆی سوریا هەڵهاتبوون، کە زۆربەیان لە ژێر چادر یان خانودان و پێشتر پشتیان بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەگرت لە سەروبەندی روودانی بومەلەرزەکە.
سەرباری ئەو قەیرانەی کە خۆی لە چوارچێوەی قەیرانێکی گەورەتردا دەبینێتەوە، هیچ پلانێک بۆ هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی بەرفراوانی ناوچەکە لە ئارادا نییە.
سەرباری ئەوەی لەم دواییانەدا دۆخەکە خراپتر بوە، بەو پێیەی مانگی رابردو بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەمەبەستی ناردنی هاوکارییەکان کە رێگەی بە تێپەڕاندنی سنورەکان دەدات لە تورکیاوە، کۆتایی هات و بەوەش بەشێکی زۆری پشتیوانی مرۆیی بۆ ناوچەکە لە دۆخێکی نادیاردا ماوەتەوە.