
حمێمیم: 14 پێشێلکاری ئاسمانی ئەمریکی لە تەنەف و کوژرانی 18 چەکدار لە ئیدلیب
دێرەزوور – نۆرس پرێس
رووسیا ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی “دۆخی مەترسیدار”یان لە ناوچەی تەنەف لە سوریا دروستدەکەن و دوێنێ یەکشەممە 14 جار پێشێلکاری ئاسمانییان ئەنجامداوە، هاوکات رایانگەیاند کە لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە هێرشیان ئەنجامداوە و 18 “چەکدار” کوژراون.
ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا لە راگەیەندراوێکدا گوتی، ئەو 14 پێشێلکارییە لەلایەن سێ جووت فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و سێ جووت فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 و دوو فرۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-1C هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدراون.
لە راگەێنراوێکی دیکەدا، ناوەندی رووسیا ئاماژەی بەوەکردووە، کە چەکدارانی “حیزبی ئیسلامی تورکستانی” لە ناوچەی مەلادجای ئیدلب، بە کەڵک وەرگرتن لە تەقەی هاوەن و تۆپخانە، هەوڵیانداوە بچنە ناو هێڵێکی بەرگریی حکومەتەوە، بەڵام هێرشەکە بەرپەرچدراوەتەوە و پێگەکانیان گیراون و نزیکەی 18 “توندڕەو” کوژراون.
بە گوتەی جێگری بەرپرسی ناوەندەکە، لە ماوەی دوێنێ یەکشەممەدا چوار ئۆپەراسیۆنی تۆپبارانکردن لەسەر پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا لەلایەن گروپی بەرەی نوسرەوە تۆمارکراوە.
جگە لەوەش لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی تەقەمەنی لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە ناوچەی شارۆچکەی مەعرشەمشەی سەر بە پارێزگای ئیدلب، دوو سەربازی سوریا برینداربوون، بەپێی ناوەندەکە.