“هەسەدە” ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژ بە “داعش” لە دێرەزوور راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” و ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی گوندەواری دێرەزوور مامەڵە لەگەڵ “داعش” دەکەن، راگەیاند.
“هەسەدە” لە راگەێنراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ئێوارەی دوێنێ بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، “بەهۆی ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی کە ناوچەی دێرەزوور پێیدا تێدەپەڕێت، کە دانیشتوان و کەسایەتییەکانی ناوچەکە و هێزە ئەمنییەکان لەلایەن شانەکانی داعشەوە دەکرێنە ئامانج ، هێزەکانمان کاتژمێر هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆ، بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی “بەهێزکردنی ئاسایش”یان دەستپێکرد، لە ناوچەی دێرەزوور.”
ئاماژەیان بەوەشکرد، “ئەم ئۆپەراسیۆنە (ئامانج دیاریکراوە) درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی جەزیرە و ناوچەی رەققەیە، ئامانجی نەهێشتنی پاشماوەی شانەکانی داعش و رێگریکردنە لە کردەوە پێشبینیکراوەکانیان، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانبارانەی کە نادادپەروەرییان دژ بە دانیشتووان ئەنجامداوە، مەبەست لەم ئۆپەراسیۆنە جێبەجێکردنی یاسایە”.
روونیشیکردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکێکە لە قۆناغە پێشکەوتووەکانی شەڕی داعش، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن “هەسەدە”وە بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش سەرپەرشتی دەکرێت و بەردەوام دەبێت تا ئەو ئامانجانەی بۆی دانراوە بەدەستی دەهێنێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد، هێزە بەشداربووەکان لە ئۆپەراسیۆنی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی شارستانی و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە، بە پشتبەستن بە هۆشیاری دانیشتوان لە مەترسییەکانی ئەم رێکخراوە کاردەکەن.