سەرچاوە سەربازییەکان: کوژران و برینداربوونی 30 ئەندامی هێزەکانی حکوومەتی سوریا لە ئیدلیب
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاند کە دوێنێ شەممە، نزیکەی 30 ئەندامی هێزەکانی حکوومەت لە چیای زاوییە لە باشووری ئیدلب کوژراون و بریندار بوون.
ئەو سەرچاوانە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئەندامانی دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) خاڵە سەربازییەکانی هێزەکانی حکوومەتیان لەسەر میحوەری مەلاجە لە چیای زاویە لە باشووری ئیدلب تەقاندەوە، دوای ئەوەی تونێلێکیان لە ژێر ئەو خاڵانەدا هەڵکەندووە، بە گوتەی سەرچاوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەقاندنەوەی تونێلەکە بووەتە هۆی کوژرانی 12 سەرباز و برینداربوونی 17ی دیکە بە پلەی جیاواز و سەرچاوەکانیش باسیان لەوەش کرد کە “تەحریر شام” تانکێکی هێزەکانی حکومەتی لەسەر میحوەری حەزارین لەهەمان ناوچە، تێکشکاندووە.
دوای بۆردومانەکە، ناوچەکە پێکدادانی توندوتیژی نێوان هێزەکانی حکوومەت و تەحریرشام و تۆپبارانی دوولایەنەی بەخۆیەوە بینی، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیاش بە زیاتر لە 6 هەڵکوتانە سەر شارۆچکەکانی سوفوهن و ئەلفاتیرەی باشووری ئیدلبیان کردە ئامانج.
لای خۆیەوە سەرچاوە سەربازییەکان فەتحەلموبین (یەکێکە لە گروپە توندڕەوەکان) رایانگەیاند کە دەستەی تەحریرشام توانیویانە پێشڕەوییەکی هێزەکانی حکوومەت لەسەر میحوەری مەلاجا لە چیای زاویە لە باشووری ئیدلب بەرپەرچ بداتەوە.
ئەو سەرچاوانە رایانگەیاندووە، تەقاندنەوەی پێگەکانی هێزەکانی حکوومەت، بە هەڵکشانێکی سەربازی گەورە دادەنرێت، کە یەکەمجارە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە ناوچەکانی باکووری خۆرئاوای سوریا ئەنجام بدرێت.