چالاکوانانی قامشلۆ پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەرانی سوەیدا و دەرعا دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، کۆمەڵێک چالاکوانی کورد لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، هاودەنگیییان بۆ خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکوومەتی سوریا لە سوەیدا و دەرعا دەربڕی.

لە میانەی ئەو هەڵوێستە هاوپشتییەی کە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە قامشلۆ رێکخرابوو، چالاکوانان دروشمیان بەرزکردەوە کە دەربڕی هاودەنگییان بوو بۆ سەرهەڵدانەکانی ئەو شارانە، هەروەها داوای گفتوگۆیەکی نیشتمانی و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی ڕێکخراوی نەتەوەکانیان کرد.

شەمدین نەبی، چالاکوانێکی کورد بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەوان بۆ دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سوەیدا وەستاون کە دژی “رژێمی” سوریا راپەڕیون.

ناوبراو گوتیشی: “هاوپشتیمان بۆ سوریایەکی ئایندەیی لامەرکەزی دەردەبڕین، کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، بە گەلی کوردیشەوە، کە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە داوای سوریایەکی لامەرکەزی کردووە، ئەمڕۆش داواکارییەکانمان نوێ دەکەینەوە، بە بونیاتنانی سوریایەکی بۆ دیموکراسی، عەلمانی، پەرلەمانی و لامەرکەزی  بۆ هەمووان.”

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم داواکارییانە “بەشێکن لە مافەکانی پێکهاتەکان و کەمینەکان لە سوریا و لە هەمووی گرنگتر جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکانە.”

ماوەی هەفتەیەکە شارەکانی سوەیدا و دەرعا خۆپیشاندانی بەردەوام و داواکاری “روخاندنی رژێمی دەسەڵاتدار” بەخۆوە دەبینن، لە کاتێکدا وڵاتەکە بە تێکچوونێکی بەردەوامی بارودۆخی ژیانەدا تێدەپەڕێت.

ناڕەزایەتییەکان لە باشووری سوریا پاڵپشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەقفی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بەرزکرایەوە، بۆ داواکردنی لامەرکەزی و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254 ی نەتەوەیەکگرتووەکان.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان