ھەواڵگری عێراق دەستگیرکردنی دوو ئەندامی “مەترسیداری” داعشیان لە کەرکووک راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، دەزگای ھەواڵگری سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، کە ھێزەکانیان لە کەرکووک دوو ئەندامی “مەترسیداری” دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان دەستگیرکردووە کە یەکێکیان لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراقەوە، بە بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدەن کە لە کام وڵاتی دراوسێی عێراقەوە هاتووە.
هەواڵگری عێراق باسی لەوەشکردوە، ئەو ئەندامەی داعش کە لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراق، بە ناسنامەی ساختە ھاتووەتە کەرکوک و ویستویەتی بچێتە پارێزگای دیالە، بەنیاز بووە لەو پارێزگایە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات.
لە راگەێنراوێکی دیکەشدا، دەزگای ھەواڵگری فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، لە دوو ھەفتەی رابردوودا ھێزەکانیان لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە، 172 تیرۆریست و 108بازرگان و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەریان دەستگیرکردووە.
ئێوارەی دوێنێش، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی دوو ئەندامی داعشیان لە شاری سلێمانی راگەیاند، کە بە گوتەی دەزگاکە یەکێکیان پێشتر لە ریزەکانی داعشدا بریندار کراوە.