عێراق دەیەوێت بەرهەمهێنانی غاز زیاد بكات

هەولێر- نۆرس پرێس

کۆمپانیای رەبان سەفینەی عێراقی پلانی خۆی بۆ کارپێکردنی پرۆژەی غازی مەیدانی بن عومەر لە پارێزگای بەسرە ئاشکرا کرد و وەک ئامادەکارییەک بۆئەوەی بەرهەمهێنان بگاتە 300 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.

مونیر بوعەزیز، سەرۆکی راوێژکاری پرۆژەی غازی مەیدانی بن عومەر رایگەیاند، کۆمپانیای رەبان سەفینە یەکەمین کۆمپانیای عێراقیە کە رکابەری لە خولەکانی مۆڵەتدان دەکات، بەو پێیەی پڕۆژەی غازی کێڵگەی بن عومەر لە پارێزگای بەسرە بەڕێوەدەبات، بۆ بەدەستهێنانی وەبەرهێنانی باشتر لە غازدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا قەبارەی غازی چاوەڕوانکراو تاڕادەیەک کەم دەبێت، بەڵام ئەو بڕە بە تێپەڕبونی کات زیاد دەکات.

مونیر بوعەزیز ئاشکراشیکرد، پڕۆژەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی 300 ملیۆن پێی سێجا غاز لە رۆژێکدا ئامادەكراوە، بەڵام قۆناغی یەکەم تایبەت دەبێت بە بەرهەمهێنانی 150 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

راشیگەیاند، دواتر و پاش دەرهێنانی غازەکە، رۆژانە 150 ملیۆن پێ سێجا لە غازی خاو بەرهەمدەهێنین، هەروەها 120 ملیۆن پێ سێجا لە غازی وشک لە رۆژێکدا بۆ بەکارهێنان لە بەرهەمهێنانی کارەبادا بەرهەم دەهێنین.

سەرۆکی راوێژکاری پرۆژەی غازی مەیدانی بن عومەر ئاشكرایکرد، پێویستە کارە لەپێشینەکانی عێراق پەرەپێدانی ئەم بوارە بێت، ئەگەر حکومەت چالاک بێت لە کەمکردنەوەی سوتانی بەفیڕۆدراوی غازی پەیوەندیدار، بەو پێیەی کێڵگەی غازی بن عومەر یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کێڵگەکانی غاز و لە ئێستادا کێڵگەکە لە 45 بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ویستی حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکات و ئەم زیادبونەش رەنگە هاوکات بێت لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوت و بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی بن عومەر بە شێوەیەکی زۆر قازانج بەخش بۆ عێراق.

باسم عەبدولکەریم شەمخانی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای رەبان سەفینە رایگەیاندووە، رێژەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری نەوتی بەسرەوە جێگیربووە، بە رێژەیەک لە نێوان سێ ملیۆن و 450 هەزار بۆ سێ ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کە لە کێڵگەکانی بەسرە و پارێزگاکانی باشورەوە بەرهەم دەهێنرێن.