بەهۆی وشکبوونی رووباری فوراتەوە ..لە کۆبانێ نزیکەی 8 هەزار کەس ژەهراویبوون

کۆبانێ – نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، پزیشکێک لە ناوەندێکی پزیشکی لە کۆبانێ رایگەیاند، ئاوی پیسبوو بەهۆی نزمیی ئاستی رووباری فوراتەوە بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون و نەخۆشییەکانی پێست و ریخۆڵە و هەوکردنی جگەر لە رۆژئاوا و گوندەوارەکانی باشووری کۆبانێ.

دابەزینی ئاستی فورات بەهۆی بەردەوامی زیندانیکردنی ئاوی رووبارەکەوە لەلایەن تورکیاوە، جگە لە تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆ، کە بووەتە هۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بۆ ئاوی خواردنەوە راستەوخۆ پەنا بۆ ئاوی رووبارەکە دەبەن لە گوندەکانی هاوتەریب لەگەڵ رووباری فورات، بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان.

ئەحمەد مەحمود، پزیشکی بنکەی تەندروستی “مشتەنور” لە شاری کۆبانێ رایگەیاند، لەم دواییانەدا ژمارەی تووشبووانی ژەهراویبوون بەهۆی ئاوی پیسبووەوە لە ناوچەکە زیادی کردووە و گەیشتووەتە حەوت هەزار و 814 کەس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا یەکی مانگی ئاب.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی تووشبووان لە شارۆچکەی قەنایە و گوندەوارەکانی لە نزیک رووباری فورات لە رۆژئاوای کۆبانێ بڵاوبوونەتەوە و ژمارەیان گەشتووەتە 6200 حاڵەت، ئەمە جگە لە 680 تووشبوو لە شارۆچکەی سەڕین و گوندەوارەکانی باشووری کۆبانێ.

گلدانەوەی ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە بووەتە هۆی دروستبوونی گۆماو و لێڵاو کە تێیدا بەکتریا و ڤایرۆس گەشە دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشداریی دەدرێت لە کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی.

ئاوی پیس دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییە گواستراوەکان بەتایبەتی هەوکردنی جگەر و نەخۆشیەکانی پێست و بەتایبەتی تووشی منداڵان و کەسانی بەساڵاچوو دەبێت، بەو پێیەی تووشی حاڵەتەکانی سکچوون و نەخۆشییەکانی ریخۆڵە دەبن، لەوانەیە پەرەش بستێنێت بۆ حاڵەتی وشکبوونەوە لە جەستەی نەخۆشەکەدا، یان ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردن، بە گوتەی مەحمود.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەبوونی هەڵسوکەوتی دروست لەلایەن دانیشتوانەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکان، بەو پێیەی “پێویستە ئاوەکە تەعقیمبکرێت و بکوڵێت پێش ئەوەی بەکاربهێنرێت”.

جگە لە دانانی کلۆر بۆ ناو تانکی ئاوەکان و گواستنەوەی خێرای نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکان، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی تووشبوو، بۆ ئەوەی نەگاتە ئاستی وشکبوونەوە.

هۆشداریشیدا لە بەکارهێنانی راستەوخۆی ئاوی رووبارەکان، بەو پێیەی بەکتریا و میکرۆبەکانی هۆکاری نەخۆشی تێیدا بەرزبوونەتەوە، بەتایبەتی کە “رەنگە کەسی تووشبوو راستەوخۆ هەست بە هەوکردنەکە نەکات و رەنگە رۆژێک دوای خواردنەوەی ئاوە پیسەکە یان دوای ماوەیەکی زۆر روبەڕووی کێشەی تەندروستی ببێتەوە”.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان