رۆژنامەوانانی قامشلۆ هێرشی درۆنەکەی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی میدیاکاران شەرمەزار دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، رۆژنامەوانانی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێک کە رۆژنامەنووسانی سەر بە کەناڵی (ژین تیڤی)ی دەگواستەوە لە لایەن درۆنێکی تورکیاوە، لەبەردەم بینای کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لەو شارە، شەرمەزار کرد.

پێرێ درۆنێکی تورکیا، ئۆتۆمبیلێکی لە نزیک دەروازەی عەلی فرۆ، لە رۆژئاوای قامشلۆ کردە ئامانج و بەو هۆیەوە شۆفێرەکە شەهید بوو و سەرنشینای ئۆتۆمبێلەکەش بریندار بوون.

لە راگەێنراوێکدا، بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیای کرد، کە پێشێلکردنی بەڵێننامە و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە و داوای پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سڤیلیان لە ململانێکاندا کرد و داوایان کرد زیان نەگات بە هاوڵاتیانی سڤیل و بە دوور بگیرێن لەو هێرشانەی لە نێوانیاندا لایەنەکانی ململانێکاندا ئەنجام دەدرێن.

دلیار جزیری، هاوسەرۆکی یەکێتی میدیای ئازاد لە سوریا بە نۆرس پرێسی گوت: “ئامانجی تورکیا بێدەنگکردنی ئەو کەسانەیە کە تاوان و پێشێلکارییەکانی بەبەڵگە دەکەن”، ئەو جۆرە ئامانجگرتنانەی بە “پێشێلکارییەکی ئاشکرا”ی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.

بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەری خۆسەری، کوژرانی شەش رۆژنامەنووسی لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا بەبەڵگە کردووە، دواهەمینیان بە ئامانجگرتنی رۆژنامەنووسی کوردی رۆژئاڤا عیسام عەبدوڵڵا، “پەیامنێری ئاژانسی هاوار و ئەندامی سەندیکای راگەیاندن” بوو.

جزیری “هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و بە تایبەتی بۆ سەر رۆژنامەنوسان” سەرکۆنە کرد.

داواشی لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کاربکەن بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل بە گشتی، و گوتیشی: “دەبێت سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی بێسنوور و نەتەوە یەکگرتووەکان، جگە لە سەندیکاکانی کرێکاری عەرەبی و نێودەوڵەتی، لانیکەم ئەرکی خۆیان بەجێبگەێنن و سەرکۆنەی رووداوەکە بکەن و داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر رۆژنامەنووسانی رۆژئاوای کوردستان بەرز بکەنەوە”.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: روبین عومەر