خۆپیشاندان لە دەرعا بەردەوامە و بانگەواز بۆ ئەنجامدانی “خۆپیشاندانی هەینی گەورە” دەکرێت
دەرعا – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لە شاری دەرعا و گوندەوارەکانی باشووری، چالاکوانان درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەتی سوریا درێژەپێدا، ئەمە لەکاتێکدایە چالاکوانان بانگەوازی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی هەینی گەورە دەکەن.
سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، چالاکوانان دەستەواژەی دژە حکومەتیان بەرزکردووەتەوە و داوای رۆیشتنی “رژێمی ئەسەد”یان کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەیان کردووە کە بە زۆر لە زیندانەکانی حکومەتی سوریادا بێسەروشوێنکراون.
سەرچاوەکە راشیگەیاند کە چالاکوانان لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە جەختیان لەسەر درێژەدان بە “شۆڕش”ی سوریا کردووەتەوە کە لە بەهاری 2011 دەستی پێکردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە چالاکوانان نوسینی دژ بەحکومەتی سوریایان لەسەر دیوارەکانی دەرعا نوسیووە.
ئەو روونکردەوە کە چالاکوانانی دەرعا جەختیان لەسەر رووخانی “رژێمی ئەسەد “و گەیشتن بە ئامانجەکانی “شۆڕش” لە رووی ئازادی و دادپەروەرییەوە کردووەتەوە.
هەر لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا، چالاکوانانی سۆشیال میدیا لە دەرعا بانگەوازیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی هەینی لە دژی حکومەتی سوریا لە ژمارەیەک شار و شارۆچکەی سوریا بڵاوکردەوە.